جێگری بەڕێوەبەریی مەجلیسی دەیەمی ڕێژیمی ئێران و نوێنەری تەورێز لە مەجلیسی یازدەهەم وێرای ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ئەسڵی ١٥ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران کە خوێندن بە زمانی زگماکییە وتی: تەوهین و گاڵتە پێکردن بە نەتەوە و کەمینەکان و زمان و کەلتووریان، بووەتە هۆی ئەوەیکە بەشێک ڕوو لە جیاخوازی و پەنابردن بۆ وڵاتانی بیانیی دەبەن.
مەسعوود پزشکیان ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەشەمە لە وتووێژ لەگەڵ “ئینساف نیوز”دا وتی: ئەو کەسانەی کە ڕوو لە وڵاتانی بیانی دەکەن یان بیر لە جیاخوازی دەکەنەوە کەسانێکن کە مافی سەرەکیی و ئاشکرای خۆیان و نەتەوەکەیان پێشێل کراوە و ئەو کەسانەش کە مافی ئەوان پێشیل دەکەن، دواتر دەڵێن ئەو کەسانە جیایخوازن.
ئەوە ئێوەن ئیزنتان نەداوە و بوونە هۆی جیایخوازی، ئێوە ئەگەر چوارچێوەی قانوونی بنەڕەتیتان ڕەچاو کردبایە و ئیزنتان نەدابایە نە بە کەسایەتی، نە بە زمان و کلتووری نەتەوەیەک بێڕێزی بکرێ ئەو کات دەتاندیت کە هیچ نەتەوە یان گرووپێک نایانهەوێ لە وڵاتی خۆیان جیا ببنەوە و ڕوو لە ولاتانی بێگانە بکەن، ئەو جیایخوازییە ئێمە دروستمان کردووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە وڵاتێکدا کە بۆ فێربوونی زمانەکانی ئینگلیسی، عەرەبی، ئاڵمانی و فەرانسە کلاس هەیە بەڵام بۆ فیربوونی زمانی تورکی، کوردی، لۆڕی و بەلووچی کۆسپ دادەنێن و ئیزنیان پێنادەین و تۆمەتێکیان دەخەینە پاڵ کە ئێوە جیایخوازن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەوانیش دەڵێن ئێوە ناتانهەوێ زمانی نەتەوەی من قبوڵ بکەن بۆچی من دەبێ ئێوە قبوڵ بکەم؟ ئەوەش ئاکامی کاریگەریی ژاراوی هەڵسوکەوتەکەی ئێمەیە کە لە کۆمەڵگەدا خۆی نیشان دەدا.