عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران، ڕایگەیاند جیاواز لە وڵاتانی بەهێز، تەنانەت وڵاتانی دراوسێی ئێرانیش کە هاوپەیمانی ئابووریی ئێرانن، بەهۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لیستی ڕەشی” ئێف ئەی تی ئێف”دایە ئامادە نین بە هیچ جۆرێک هاوکاریی ڕوون وئاشکرای تاران بکەن.
ڕەبیعی، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی ئێران بڵاوکراوەتەوە نووسی: خەرجی تێچووی بازرگانی بۆ ئێران، زۆر زیاتر لە پێش بەرز بۆتەوە.
ناوبراو دەڵێ: گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خرانە نێو لیستی ڕەشی ئێف ئەی تی ئێف، یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
وتەبێژی دەوڵەتی ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنانەت لە ئەگەری لاچوونی گەمارۆکان لە سەر ئێران دەبێ چاوەڕێی لێکەوتەکانی لەو لیستە ڕەشەدا بین و ڕۆژانێکی ناخۆشمان بۆ هاوردە وهەناردەکردن لە گەڵ وڵاتانی جیرانماندا دەبێ.