جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرەی ئەمریکا وتی: فەرمانی من بەئەرتەشی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر میلیشیاکانی سەر بەڕێژیمی ئێران لە سووریە، بەپێی مافی ئەمریکا بۆبەرگریی لە هێزەکانی ئەو وڵاتەیە.
جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لە نامەیەکدا بۆ نانسی پلۆسی، وتەبێژی مەجلیسی نوێنەران و پاتریک لیهی، سەرۆکی کاتیی مەجلیسی سێنا نووسی: ئەمریکا ئەم هێرشەی بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەپێی مافی بەرگریی لە هێزەکانی ئەمریکا و ماددەی ٥١ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و ئەمریکا مافی بەرگریی و پاراستنی هێزەکانی خۆی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە کە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕێژیمی ئێران و هەروڵاتێک بیهەوێت هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی بە توندترین شێوە وڵامی دەدەینەوە.
جۆبایدێن دەڵێ: بەپێی ئەو ئەرکەی کە بە من سپێردراوە پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکا لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا لە ئەستۆی منە و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە لە یاسایی بنەڕەتیی ئەمریکا دا بە من دراوە وەکوو فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەمریکا، بڕیاری ئەو هێرشە ئاسمانییەم داوە.