ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەتایبەتیی ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێران بەهۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە بە دژی ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەزانن.
بێنی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: بەپێی لێکۆڵینە سەرەتاییەکان کە ئێمە کردوومانە ڕێژیمی ئێران تاوانبارە بە تەقاندنەوەی کەشتییە بارهەڵگرەکەی ئیسرائیل، لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ناوبراو لە دڕێژەی چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکەدا دەڵێ: ئەو شوێنەی کە کەشتییە بارهەڵگرەکەی ئیسرائیل، تەقێندراوەتەوە، زۆر نزیکە لە ئێران و بێ گومان تەقاندنەوەی کەشتییەکەمان کاری ڕێژیمی ئێرانە.
لە لایەکیی دیکەوە ڕۆژنامەی کەیهان کە لە ژێر چاودێری ڕاستەخۆی عەلی خامنەییدا بڵاو دەبێتەوە، ڕایگەیاند کە هێرش و تەقاندنەوە کەشتییە بارهەڵگرەکەی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای عەمان، لەلایەن هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بۆ تۆڵەکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا وئیسرائیل، بۆ سەر بنکە وبارەگاکانی میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە سووریە کراوە.