میران بەکر وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وتی: لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا تورکیە بەبیانووی هەبوونی پ.ک.ک هەزارجار هێرشی ئاسمانیی کردۆتەسەر خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەرتەشی تورکیە هاوکات لە گەڵ هێرشەکانی بۆسەر کوردەکانی ڕۆژئاوا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەبیانووی هەبوونی هێزەکانی پ.ک.ک زیاتر کردووە.
میران بەکر، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەهەمبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی تورکیە بۆسەر هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە گۆڤاری نیوعەرەبیی ڕاگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٩ی زاینیدا، ٢٠ تێکهەڵچوونی سەربازیی، ٢٠٦جار بەزاندنی سنوور و ٣٨٥ هێرشی ئاسمانیی تورکیە لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراوە.
ناوبراو لەهەمبەر هێرشەکانی تورکیە بۆسەر هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پ.ک.ک وتی: لە ساڵی ٢٠٢٠ی زاینییدا ٥٧٠هێرشی ئاسمانیی ولە دوومانگی یەکەمی ساڵێ ٢٠٢١ی زاینییدا ٤٤ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.