لەدرێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەلووچستان، زۆربەی کەسایەتییە سیاسی، هونەری، ئاینییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەکوشتنی بێبەزەییانەی کاسبکارانی بەلووچ لەلایەن هێزەچەکدارەکانی رێژیمەوە کاردانەوەیان نیشاندا.
هێندێک لە هونەرمەندانی کاریکاتۆریستی ئێرانی بە کاردانەوە لەهەمبەر کوشتنی کاسبکارانی بەلووچ، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنووری سەراوان، بە کێشانەوەی وێنە هاودەردی خۆیان بۆ خەڵکی بێدەرەتان وهەژاری بەلووچ دەربڕی و لەلایەکیی دیکەوە کەسایەتییە سیاسییەکان بەدەرکردنی بەیاننامەیەک ئەم کارە دژە مرۆییەیی ڕێژیمی ئێرانیان بە توندی مەحکووم کرد.
بێهنام محەممەدی و مانا نیستانی، هونەرمەندانی کاریکاتۆریستی ئێرانی، کاریکاتۆرێکیان لە کردارە قیزەونەکانی خامنەیی وهێزەکانی رێژیمی ئێران لەهەمبەر کوشتنی خەڵکی کاسبکاری بەلووچ کێشایەوە و بەم جۆرە پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی بەلووچ دەربڕی و ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر دیکتاتۆری ڕێژیمی ئێران بە کاریکاتۆر کێشایەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا فائێزە هاشمی، چالاکی سیاسی ڕیفۆرمخواز و نوێنەری پێشووی مەجلیسی ئیران، لە هەمبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەلووچستان وسەرکوتی خەڵک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە وتی: سیاسەتەکانی بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری سەرەکیی هەژاریی خەڵکی بەلووچستانن، خەڵکی ئەو پارێزگایە لەبەر نەبوونی کار ڕوولە پێشەی گواستنەوەی سووتەمەنی دەکەن و هێزەکانی رێژیم بەتوندترین شێوە بەرەنگاریان دەبنەوە و لەئێراندا خوشگوزەرانی خەڵک لە ئارادا نییە وبەرپرسانی حکوومەتی بۆمانەوەی خۆیان پەنا بۆ هەموو کردەوەیەک دەبەن.
مەولووی عەبدولحەمید، پێشنوێژی زاهیدان بەدەرکردنی بەیاننامەیەک کوشتن وسەرکوتی خەڵکی بەلووچستانی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتوندیی مەحکووم کرد و وتی: تەقەکردن لە کاسبکارانی بەلووچ جینایەتێکی بێوێنەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە.
هەروەها ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئێران لە نامەیەکدا بۆ کۆمیسیاریای بەرزی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کوشتنیبێبەزەییانەی کاسبکارانی بەلووچیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند کە سەرکوتی خەڵکی هەژاری سەراوان لە پارێزگای بەلووچستان بۆتە هۆی ناڕەزایەتیی ونیگەرانیی کۆمەڵگەی ئێرانیی.