ئەمریکا بە یەکەم هێرشی ئاسمانیی بۆسەر بنکە وبارەگاکانی میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، پەیامێکی ڕوون وتوندی بە ڕێژیمی ئێران دا.
پێنتاگۆن لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بە بڕیاری جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا بنکە وبارەگاکانی میلیشیا تێرۆریستەکانی سەربەڕێژیمی ئێرانمان لە سووریە بوردمان کرد.
پێنتاگۆن لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە لەهەمبەر کاردانەو بە هێرشی میلیشیاکانی سەربەڕێژیمی ئێران، بۆ سەر باڵوێزخانە و بنکەوبارەگاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هێزەسەربازییەکانی ئەمریکا بەفەرمانی “جۆبایدێن” سەرۆککۆماری ئەمریکا، بنکەوبارەگای میلیشیاکانی سەربەڕێژیمی ئێرانمان لە سووریە کردە ئامانجی فڕۆکەشەڕکەرەکانمان و بۆردمانمان کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی پێنتاگۆن، لەم هێرشەدا بە دیاریکراوی چەندین بنکەوبارەگای میلیشیاکانی حیزبوڵا و سەید ئەلشوهەدا، دوو گرووپی میلیشیای تێرۆریستی سەربە ڕێژیمی ئێران، لەنزیک سنووری عێراق و سووریە کرانە ئامانجی فڕۆکەشەڕکەرەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا.
هەروەها پێنتاگۆن لەم بەیاننامەیدا ڕایگەیاند کە پەیامی سەرۆککۆماری ئەمریکا، بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا زۆر ڕوون و ئاشکرایە و ڕووبەڕووی هەموو ئەو گرووپە تێرۆریستیانە دەبینەوە کە هێرشی تێرۆریستی بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هاوپەیمانەکانمان.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە وڵامی هەر دەستدرێژییەکی ڕیژیمی ئێران دەدەینەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئەمریکا، بۆسەر میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، ٢٢کەس لە میلیشیاکان کوژراون و بنکەوبارەگاکانیان بە خەستیی بوردمان کراوە.
شایانی باسە کە دۆمێنیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی هەینی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ وڵامدانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بوردمان کردنی بنکە وبارەگاکانی میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە ڕاگەیاند.