ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە مافی مرۆڤ لەلایەن ئەمریکاوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە و لە لووتکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادایە و ئەم وڵاتە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا لە ساڵی ٢٠٢٢ی زاینیدا، ببێتە بەشێک لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی،بڵاوکرایەوە وتی: سیاسەتی دەرەوەی جۆبایدێن بریتییە لە” بایەخە دێموکراتیکەکان، بەرنامەی دیپلۆماتیکی ئێمە هەموو وڵاتان یەکگرتوو دەکا و بەرگریی لە دێموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە هەموو جیهاندا دەکەین”.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ ئەمریکا هەنگاوێکی گرینگی بۆ بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ لە جیهاندا هەڵهێناوەتەوە و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەموو هەوڵێک دەدا بۆ وەرگرتنی کورسی لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بلینکێن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەگەر ئەمریکا هەڵبژێردرێ بۆ شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان،لەم دەرفەتە بۆ بایەخپێدان بە بەهاکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا کەڵک وەردەگرین و دەبین بە دەنگی یەکەمی بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ لە جیهاندا.