شارەکانی دیکەی پارێزگای بەلووچستان بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکەوە پەیوەست بوون.
لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران هێڵی تلفۆن و ئینتێرنێتی داخستووە و لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە بڵاوەپێکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ناوچەکەی هەموو میلیتاریزە کردووە، خۆپێشاندان لە زۆربەی شارەکانی ئەو پارێزگایە وەکوو زاهیدان و ئێرانشار درێژەیان هەیە.
لە ئێوارەی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوییەوە، شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە شاری سەراوانەوە پەرەی سەندووە بۆ شارەکانی دیکەی پارێزگای سیستانوبەلووچستان، کۆماری ئیسلامی ئینتێرنێتی مۆبایلی لە زۆربەی شارەکانی ئەو پارێزگایە وەکوو؛ چابەهار، ئێرانشار، سەراوان تا دەگاتە زاهیدان و زابول بچڕاندووە و لە هەندێ ناوچەی دیکە دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێتی مۆبایل کێشەیەکی گەورەیە.
مانگرتن و داخستنى دووکان و بازاڕەکانى شار و شارۆچکەکانى پارێزگای سیستانوبەلووچستان بەدژى هەڵسووکەوتە نامرۆڤانە و کۆمەڵکوژیی سپاى تێرۆریستى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەرامبەر خەڵکی بەلووچ یەکێکی دیکە لەو ڕێکارانە بوو کە خەڵکی ئەو پارێزگایە وەکوو دژکردەوە بەرانبەرئەو جینایەتەی ڕێژیم گرتیانەبەر.
لە لایەکی دیکەوە و لە درێژەی ئەو ئاڵۆزییانەدا خەڵکی وەزاڵەهاتووی شاری سەرجەنگەڵی بەلووچستان دەستیان بەسەر مۆڵگەی سپای پاسداراندا گرت.