ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئێران لە نامەیەکدا بۆ کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای بە دواچوونی خێرا بۆ کوشتنی کاسبکارانی بەلووچ و ڕاوەستانی ئەم کارە دژە مرۆییەیی ڕێژیمی ئێرانیان کرد.
لە نامەکەی ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران زۆر دڕەندانە و بێ ڕەحمانە ڕاستەوخۆ تەقەی لە کاسبکارانی بەلووچ کردووە و بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٠ کاسبکاری بەلووج کوژراون وبە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئێران لە نامەکەیاندا بۆ کۆمیسیاریای بەرزی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتنی کاسبکارانی بەلووچ و خەڵکی سەراوانیان وەکوو سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ناوبرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بێکاری و هەژاری وهەڵاواردن لە سیستان وبەلووچستان هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی خەڵکی هەژاری ئەو ناوچەیە ڕووبکەنە کاری سووتەمەنی گواستنەوە کە چی چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بە دڕەندانەترین شێوە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ کاسبکاران دەکوژن.