بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە فینلاند ، دەگەڵ جێگری بەرپرسی گروپی داکۆکیکار لە مافی کورد لە پارلەمانی فینلاند، کۆ بوونەوە.
رۆژی ٢٢ی فێوریەی ٢٠٢١ ی زایینی بەرانبەر بە ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی لەسەر داوای بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند ، کۆبوونەوەیەک دەگەڵ سارا سۆفیا سیرێن ئەندامی پارلەمانی فینلاند و جێگری بەرپرسی گرووپی داکۆکیکار لە مافی کوردان لە پارلمانی فینلاند، پێکهات. لەم دیدارەدا بەڕێزان قادر مەکڵاوەیی بەرپرسی کۆمیتەی وڵات، کەریم رەسووڵی و هاوار فەرخەپوور ئەندامانی کۆمیتەی حیزب بەشدار بوون.
سەرەتا هاوار فەرخەپور بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان باسێکی لە ڕەوەندی کوردی نیشتەجێ لە وڵاتی فینلاند بەگشتی و تێکۆشانی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ٩٠ی زایینی بەولاوە و ڕۆل و دەوری کوردان و تێکەڵاویان لەگەڵ کۆمەلگەی فینلاندی و دام و دەزگا حکومەتییەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەشیکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات نیشتەجێ لە وڵاتی فینلاند لە ڕەوتی ئینتێگراسێۆندا چالاک و جێگە و پێگەی خۆیان کردۆتەوە و جێ پەنجەیان دیارە.
دواتر کەریم ڕەسووڵی بەرپرسی تەشکیلات و هاوکاری بەشی پێوەندییەکان ، باسێکی لەسەر بارودۆخی ئێستای کورد بە گشتی و کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران، ڕەشبگیری چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد، گوشارەکانی رێژیم بۆ سەر کاسبکاران ، کۆڵبەران و کوشتنیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی ڕەشبگیریی پتر لە سەد کەسی دوو مانگی رابردووی چالاکانی مەدەنی و لاوانی کورد لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لیستی گیراوانی بە زانیاری و بەڵگەوە دایە دەستی خاتوو سار سۆفیا سیرێن جێگری بەرپرسی گروپی داکۆکیکار لە مافی کوردان لە پارلەمانی فینلاند.
لە درێژەی باسەکەیاندا کەریم رەسولی ئاماژەی بە ئال و گۆر لە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران و ئامریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و هەروەها نیگەرانییەکانی کوردەکان لە وەپشتگوێ خستنی زیاتر لە لایەن دام و دەزگا نێونەتەوەییەکان کرد، کە پرسی کورد زیاتر بخرێتەو پەراوێزەوە و سەرەڕۆییەکانی ئێران باسی لەسەر نەکرێ و کورد و مافەکانی لە سات و سەودای ئەواندا لە بەرچاو نەگیرێ و فشارەکان بۆ سەر گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان زیاتر بن.
هەر لەو پەیوەندییەدا هەیئەتی حیزبی دێموکڕات داوای لە خاتوو سارا سۆفیا کرد کە لە لایەن گروپی داکۆکیکار لە مافی کورد، پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد بکەن و پرسی کورد بە گشتی و دۆخی نالەباری کورد لە ئێران بە تایبەتی، چی دیکە پشتگوێ نەخەن و لە کات و شوێنی پێویستدا لە رێگای پارلەمانی فینلاند، و پارلمانی ئورووپا و ئەو نەهاد و ڕێکخراوە نێونەتەوەییانەی لەگەڵیان لەپێوەندی دان؛ دەنگی کپکراوی کوردانی رۆژهەڵات بن.
خاتوو “سارا سۆفیا ” ، وێرای دەڕبڕینی خۆشحاڵی خۆی لە پێکهاتنی ئەم دیدارە، بەڵێنی دا بەدواداچوون بکات بۆ ئەو باسانەی کە دەگەڵی کراون و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لە نیگەرانییەکانی کورد تێدەگەن و ئەوەی لە توانایاندا بێ لە رێگای پێوەندییەکانیانەوە هەوڵ دەدەن ئەو کێشانە بێننە بەرباس بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە پروسەی باسە ناوکییەکانی ئێراندا، مافی مروڤ لە ئێران بە تایبەت کوردان نەخرێتە پەراوێزەوە.
لە کۆتاییدا خاتوو سارا سۆفیا، وێرای دەستخۆشی بۆ پێکهێنانی ئەم دیدارە ، پەیوەندیی گروپی داکۆکیکار لە مافی کوردان لە پارلەمانی فینلاند و حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەرز نرخاند و هیوای هاوکاری دوولایەنە و پتەوی بۆ داهاتوو خواست.