سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەبیانووی قاچاخی سووتەمەنی، دەیان کەسی غەڵتانی خوێن کرد.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان و بە تایبەت چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بەلووچ، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر خەڵکی کاسبکاری سیستانوبەلوچستان و بەبیانووی قاچاخی سووتەمەنی و بەتەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزە سەرکوتکەرانە ١٠ کەس لە خەڵکی بێ تاوانی بەلووچ گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەس بریندار بوون.
خەڵکی بەلووچستان لە دژکردەوەی ئەو هێرشانەی سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە شاری سەراوانی ئەو پارێزگایە دەستیان بە ناڕەزایەتیی کرد و لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارەدا تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی ڕێژیم و خەڵکی بەلووچ هاتە ئاراوە و لە ئاکامدا فەرمانداریی ڕێژیم کەوتە دەستی خەڵکی شاری سەراوان و هێزە حکوومەتییەکان لەو شوێنانە هەڵهاتن.
بە پێێ هەواڵی هەواڵدەرییەکان نیوەی شاری سەراوان دەکەوێتە دەستی خەڵکی شارەکە و سپای پاسداران هێزی زیاتری لە شارەکانی دیکەوە هاوردەی شاری سەراوان کردوە.
لە لایەکی دیکەوە خەڵکی شارەکانی دیکەی پارێزگای سیستان و بەلووچستان و لەوانە شاری زاهێدان بە هانای خەڵکی سەراوانەوە چوون و سەرهەڵدانێکی گشتیی لەو پارێزگایەڕوویداوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئاڵۆزییەکان بەردەوامن.
هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بەلووچ ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی داوای مانگرتنی گشتییان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کردوە.