کۆمەڵێک لە نوێنەرانی کۆمیتەی ئاسایشی نێوخۆیی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی” جان جاتکۆ” نوێنەری کۆماریخوازی نیۆیۆرک، لە نامەیەکدا داوایان لە جۆبایدێن کرد گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لانەبا.
ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە نوێنەرانی کۆماریخواز، لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا داوایان لە جۆبایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، کرد گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، لەبەرئەوەیکە کارتێکی گوشاری بەهێزە و پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بەچەکی ناوکیی دەگرێ لانەبا.
لەم نامەیەدا کە واژۆی ٢٠ نوینەری کۆماریخوازی لەسەرە هاتووە کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکا و بە شێوەیەکیی ڕوون و ئاشکرا رێککەوتنی ناوکیی پێشیلدەکا و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دڵی تاران زۆر مەترسیدارە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
لەبەشێکی دیکەی ئەم نامەیەدا هاتووە کە ئەمریکا دەبێ درێژە بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بە دژی ڕێژیمی ئێران بدا، بەدەستهێنانی دڵی ڕێژیمی ئێران لە قازانجی جیهان وئەمریکا نییە، گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر گوشار دەخاتە سەر ئەو ڕێژیمە و ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادا دەستی بەچەکی ناوکیی و کۆمەڵکوژی ڕابگا.