وەزیری تەندروستیی ڕێژیم: بەهۆی رەچاو نەکردنی پرۆتۆکۆلەکانی تەندروستیی پێوەندیدار بە کۆرۆنا بووم بە کۆکەرەوەی تەرم و بە جێگای وەزیری تەندروستی با من بکەنە بەڕێوەبەری مردووشۆرخانە.
بەپێی هەواڵێكی هەواڵدەریی “ئیسنا” ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، “سەعید نمەکی” بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی بزاوتەی کۆرۆنا و گیان لەدەستدانی پزیشک و کادری دەرمانیی لە نەخۆشخانەکانی ئێران وتی:” من وەزیرم ئاگادار نیم لەم وڵاتە کێ دێ و کێ دەڕوا من تەنیا بووم بە تەرم کۆکەرەوە، بە جێگای وەزیری تەندروستیی بمکەن بە بەڕێوەبەری مردووشۆرخانە.
ناوبرا بە ئاماژە بە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا و تووشبوونی بەشێک لە خەڵکی ئێران بەو ڤایرۆسە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڤایرۆسێکی پەلاماردەرە.
نمەکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: وڵاتانی بریتانیا و ئاڵمان خاوەنی پێکهاتەی بەهێزی تەندروستین، بەڵام ئەوانیش لە بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە گۆڕاوەدا بەچۆکدا هاتوون، ئێمە بەو شێوەیە ناتوانین وڵات ئیدارە بکەین چەندە شەرمەزاری پزیشک و کادری دەرمانی بین؟
لە دەورەی پێشووی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا خووزستان بە ڕەچاو نەکردنی ڕیوشوێنی تەندروستیی کێشەیەکی نوێ بۆ خولقاندین.
پزیشک و کادری دەرمانیی نەبێ کێ ئەو ئاگرەی کوژاندەوە؟ من بە نووسراوەش نووسیومە کە لەو دۆخە دژوارەدا هیچمان لە دەست نایە جگە لەوەی تکا لە هاووڵاتییان بکەین ڕێوشوێنەکانی تەندروستیی لە بەر چاو بگرن.
ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە هاوکات لەگەڵ هاتنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا بۆ ئێران، خەڵک تووشی دەبن و ژمارەی گیان لەدەستدان ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشاندایە و بە وتەی سیماسادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨٩ کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە ٨ هەزار و ٢٦٣ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمار کراوە و ١١ شاریش لە دۆخی سوور دان و ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی خووزستان و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکە جێی نیگەرانییە.