مادەی هۆشبەر له ئێستادا بپته گەورەترین قەیرانی كۆمەڵایهتی لە ئێراندا.
سەرۆكی پۆلیسی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكانی ئێران باس لە گرتنی زیاتر لە ٤٢٠ تۆن مادەی هۆشبەرو دەستبەسەركرانی ١٨٠ هەزار قاچاغچی ئەم ماددانە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا دەكا.
عەلی موئەیەدی، ڕۆژی سێشەممە لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند: لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا لە پێوەندی لەگەڵ مادەی هۆشبەر سەرجەم ٢٦٠ هەزار كەس دەستبەسەر كراون كە لەم کۆمهڵه کهسه ١٨٠ هەزار كەسیان قاچاغچیو ٨٠ هەزار كەسی دیكەشیان موعتاد بوون.
ناوبراو هەروەها گوتی: ئەم ڕێژەیە لە چاو ٩ مانگی ڕابردوو تا ئاستی سەدی ٢٠ بەرز بۆتەوە.
عەلی موئەیەدی، سەرۆكی پۆلیسی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكان دهڵێ لە ٩ مانگی ڕابردوودا لە ئێران دەست بەسەر ٤٢٠ تۆن لە جۆرەكانی مادەی سڕكەردا گیراوە كە لە چاو ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو تا ئاستی سەدی ٢٠ زیادی كردوە.
کارناسانی کۆمهڵایهتی دهڵێن پەرەسەندنی ئیعتیاد بۆتە قەیرانێكی گەورە لە ئێرانو هەرچەند كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندوە كە ئاماری موعتادەكانی ئەم وڵاتە ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار كەسە، بەڵام بەپێی ئاماری سهرچاوه سهربهخۆکان دەركەوتوە زیاتر لە ٤ میلیۆن كەس لەم وڵاتە گیرۆدەی مادە هۆشبەرەكان بوون.
هەروەها سەدی ١٠ی موعتادەكانی ئێران لە ژنان پێك هاتووەو بە قسەی كاربەدەستانی ڕێكخراوی بێهزیستی، تەمەنی تووشبوون بەم مادانە لە ئێران گەیشتۆتە ١١ ساڵ.