بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ڕایانگەیاند کە، لە نیوەشەوی دووشەمە لەسەر سێشەممە ٥ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، تەواوی دەستپێڕاگەیشتنەکانی “ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی” بە دامەزراوەکانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران کۆتاییهات.
کازم غەریبئابادی باڵوێز و نوێنەری هەمیشەییی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی نێشتەجێی وڵاتی ویەن ڕایگەیاند؛ ئەو هەنگاوە بەپێی ڕێکاری یاساکان بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان ئەنجام دراوە و تەواوی دەستپێڕگەیشتنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە نیوەشەوی دووشەممەوە ڕاگیراوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، لەبارەی ڕاگرتنی گەڵاڵەی لکێندراوی هاوپێچ و ئەو هەنگاوانەی کە بە قازانجی خۆیەتی، بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام ڕادەستی ئاژانسی نێونەتەوەیی ناوکیی کردووە و مەجلیسی ڕیژیم، ١١ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەگەڵ پەسەندکردنی یاسایەک بەناوی “هەنگاوی ڕێکارەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان”، دەوڵەتی ئەرکدار کرد کە لە ئەگەری بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی دەوڵەتی ئێران دەبێ هاوکارییەکانیان لە گەڵ ئەو ئاژانسە ڕابگرێ.