ئانتۆنی بلینکێن دەڵێ: لە ڕێککەوتنەی نوێی بەرجامدا لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرنامەی مووشەکیی ئێران بەشێک دەبێ لە ئەو ڕێککەوتنە.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ بە ناوی “چەک کردن” وتی: ئەمریکا دەیهەوێت ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران زیاتر پەرەپێبدا بە جۆرێک ئەو ڕێککەوتنە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆ بگرێ.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی کونفرانسەکەدا وتی: ئێستاش ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نابێ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی و کۆمەڵکوژیی ڕابگا و باشترین ڕێگا چارەش بۆ ئەم مەبەستە وتووێژە دیپلۆماسییەکانە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی وەگەڕ دەخا بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرهەمهێنانی مووشەکی باڵستیک لەلایەن ڕێژیمی ئێران ببێتەوە.