ڕۆژی یەکشەممە بەشێک لە خانەنشینکراوانی شارەکانی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە هەمبەر پێنەدانی حەقدەست و وەدوا کەوتنی مووچەکانیان بەڕیوەبرد.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، خانەنشینکراوانی شارەکانی تاران، مەشهەد، نیشابوور، ئیسفەهان، ئەهواز، خۆڕەمئاوا، ئەراک، تەورێز، یەزد، ئەردەبێڵ، قەزوین، شووشتەر، کەرەج، ساری، بیرجەند، کرماشان و ئیلام، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان کرد کە ولامی داواکارییەکانیان بدرێتەوە و حەقدەست و مووچەی وەدواکەوتوویان لەلایەن بەرپرسانەوە پێبدرێت.
ناڕازییان لەو کۆبوونەوانەدا خوازیاری لە ناوبردنی هەڵاواردن و یەکسانیی حەقدەستەکانیان، دەوا و دەرمان بە خۆڕایی بۆ هەمووان و پێدانی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خانەنشین کراوان، ئازادی ڕادەربڕین، کۆتایی هێنان بە دزی و گەندەڵی لەلایەن بەرپرسانەوە بوون.