شاری دێڕینی “سهیمرە” هەڵکەوتوو لە دەڕەشاری سهر به پارێزگای ئیلام، کە وەک گەورەترین شاری دێرینی کوردستانو ڕۆژئاوای ئێران ناسراوە، سەرەڕای جێگەو پێگەی گرینگیو هاوکات وادهو بەڵێنی کاربەدەستانی، بەڵام هێشتا له شوێنهواری میراتی جیهانیدا تۆمار نهکراوه.
بە پێی دوایین لێکۆڵینەوەکان، تاکوو ئێستا ١٨١ پارچە ئاسەواری دێرین لە دەورووبەری ئەو شارە دۆزراونەتەوەو لە ڕیزی ئاسەوارە مێژووییو نەتەوەیییەکانی ئێراندا جێیان گرتووە. لەو ئاسەوارانەی کە لەو شارەدا دۆزراونەتەوە دەکرێ ئاماژە بە کەلاوەکانی شاری سهیمرە کە بە “ماداکتو” ناوی دەبرێو هەروەها ئاسەواری کۆشک و بازارە کەونارەکانو ئاشی ئاوی و قەڵای شێخ ماخۆ” شێخ محەمەد خان” لە گوندی شێخ مەکان بکرێ.
ئەکبەر شەریفینیا، کارناسی پێگەی لێکۆڵینەوە لە شاری مێژوویی سهیمرە، باس لەو گرفتانە دەکا کە پێشیان بە تۆمارکردنی ئهو شاره وهک میراتی کلتووریی جیهانی گرتوه.
ناوبراو دەڵێ سەرەکیترین کێشە ئەو زەویو زار و ماڵانەیە کە لە دەورووبەری ئەو ئاسەوارە کۆنانە هەڵکەوتوونو تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ لهلایهن دهوڵهتهوه نهکڕدراونو لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەری ئهو کێشهیه هەڵنەگرتووە تا ئەو زەویو زار و خانووانە لە خاوەنەکانیان بکڕدڕێنەوە.
جێگەی باسە ئەگەر ئەو ئاسەوارانە بخرێنە ڕیزی ئاسەوارە جیهانییەکانی ڕیکخراوەی یۆنێسکۆوە، جگە لە چوونە سەرێی جێگەو پێگەو ناودەرکردنیان لە ئاستی جیهاندا، یۆنێسکۆو ڕێکخراوە جیهانییەکانی دیکەی پارێزەری ئاسەوارە نێودەوڵەتییەکان، ئامادەن هەموو هاریکارییەکی زانستیو فەننی و هەروەها کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنیان دابین بکەنو لە ڕیزی ئاسەوارە جیهانییەکاندا بیگونجێنن.