ئەندامێکی مەجلیسی ڕێژیم: زیاتر لە ٣٨ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران لە پەراوێزی شارەکاندا دەژین.
ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، “حەسەن لوتفی” ئەندامی مەجلیسی ڕیژیم وتی:” بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری ئاماری پەراوێزنشینی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی کە لە ئەنجامی پەراوێزنشینی دەکەوێتەوە نیشاندەری ئەوەیە کە دۆخی ئاوەدانکردنەوە و پیشەیی لە گوندەکان و شارە بچووکەکان لەلایەن دەوڵەتەوە گرینگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە کە لە ئێستادا زیاتر لە ٣٨میلیۆن کەس لە پەراوێزی شارەکاندا دەژین”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگاری تاران لە وتووێژێکدا وتوویەتی ساڵانە ٢٠٠ هەزار کەس بە حەشیمەتی تارانەوە زیاد دەبێ و ئەگەر ئاوڕیک لە دۆخی ئاوەدانکردنەوە و پیشەیی شارە بچووک و گوندەکان نەدەینەوە ڕۆژ بە ڕۆژ شاهیدی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پەراوێزنشینی دەبین.
پێشتریش “محەممەدڕەزا مەحبووبفەر” ئەندامی ئەنجومەنی ئامادەکاریی وڵاتی ئێران، وتبووی: کە ساڵی ٩٦ نزیکەی لەسەتا ٤٠ی حەشیمەتی شارنشینی ئێران کە پەراوێزنشین بوون کە ئەمڕۆ پاش ٣ ساڵ یانی لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ هەڵاوسان و گرانی و بەرزبوونەوەی کرێخانوو، ڕێژەی پەراوێزنشینیی لە ئێراندا گەیشتۆتە سەتا ٤٥ کە ئەگەر بە نیسبەت حەشیمەتی ٨٥ میلیۆنی ئێران بەراوردی بکەین زیاتر لە ٣٨ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران پەراوێزنشینن، سیاستیی هەڵە، کێشەی ئابووری و گرانی، بووەتە هۆی نابەرابەریی کۆمەڵایەتی و هەڵاواردن لە نێو سیستمیی ئابووریی وڵاتدا.