ئەنجومەنی پلاتفۆڕمی زمانی کوردیی لە باکووری کوردستان، لە نامەیەکدا داوا لە سەرۆک کۆماری تورکیە دەکات کە بەفەرمی زمانی کوردیی بناسرێت.
ئەنجومەنی فەرهەنگیی “پلاتفۆڕمی زمانی کوردیی” لە نامەیەکدا کە بۆ “ئەردۆغان” سەرۆککۆماری تورکییەی ناردووە، لەو نامەیەدا داوا لە سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە دەکات کە، زمانی کوردیی لە تورکیە بە فەرمی بناسرێت و هاوشێوەی زمانەکانی دیکەی جیهان ببێتە زمانێکی فەرمیی نەتەوەیەک.
هەروەها ئەو ئەنجومەنە داوای لە سەرۆککۆماری تورکیە کردووە کە، سیاسەتی “سڕینەوە” دژبە زمانی کوردی و خەڵکی کوردستان لە وڵاتی تورکیە کۆتایی پێبێنێ، لە درێژەی نامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەو ئەنجومەنە لەگەڵ ئەردۆغان هاوڕایە لەسەر ئەوەی کە ئاسیمیلاسیۆن جینایەتێکی دژە مرۆییە و زمانی کوردیش لە نێو ئەو مەترسییەدایە.
شایانی باسە کە، ئەنجومەنی “پلاتفۆڕمی زمانی کوردیی” بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە تواندنەوەی زمانی کوردیی لە تورکیە و داوا لەو وڵاتە دەکات کە گوشارەکانی دژبە زمانی کوردی هەڵگرێت و دەبێ زمانی کوردیش هاوشێوەی زمانەکانی دیکەی جیهان پێگەی فەرمی و یاسایی خۆی هەبێ.












