ژنە چالاکێکی کورد کە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە.
“سومەیە کارگەر”، چالاکی کوردی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران، دوای چوار مانگ دەسبەسەرکران لە بەندی ئەلفی بەندیخانەی “ئێڤین” بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە و ئێستا لە بەندی ٨ی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.
“سومەیە کارگەر” ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، دوای ئەوەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران لە شاری تاران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر و دەستیان بە سەر موبایل و لەبتابی ناوبراو داگرتووە و سەرەڕای ئەوەی نەخۆشییەکی دەگمەنی چاوی هەیە هەتا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەوا و دەرمانەکانی بێبەش کراوە.
ناوبراو بە تۆمەتی چالاکی لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا دەسبەسەر کراوە
سومەیە کارگەر خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران و دەرچووی بەشی فەلسەفەی زانکۆی تەورێزە.