کانوونی نووسەرانی کوردستان بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە : زمانی دایک، گرینگترین توخم و گەوهەری سەلماندنی ناسنامەی نەتەوەییە. بە وتەیەکیتر زمانی دایک، ڕۆچنەیەکە کە لهو ڕەهەندەوە مرۆڤ ئایدیا و ئەندێشەی نەتەوەیی و کەسێتیی تێیدا فۆرم دەگرێت و لهگهڵ جیهان و سروشت و کۆمهڵگە پهیوهندی ساز دهکا.
هەر لەڕێگەی زمانەوەیە مرۆڤ بوونی خۆی دهسهلمێنێت و بنهمای ناسنامەی بنیات دەنێت و لەڕێگەی زمانەوە هەم وەک تاک و هەم وەک نەتەوەش لەڕووی ناسنامەوە لەگەڵ (ئەویدی) جیا دەبێتەوە. ئەگەر بێت و لە چوارچێوەی ههر جۆره سیستم و پرۆسەیەکی پهروهردهییدا، گەوهەری سەرەکیی زمانی دایک کە ڕۆحی نەتەوەیە، لەبەرچاو نەگیرێت، سەرەکیترین مافی تاک پێشێل کراوە و لەڕاستیدا پهروهردهیهکی سهقهت، نهزۆک و خهسیو باردێت و گرفتی شێواندنی ناسنامەی کەسی بۆ تاک دروست دەبێت، که وابوو ڕهخساندنی ههلی خوێندن و نووسین به زمانی زگماک (دایک) مافی حاشاههڵنهگری هەموو مرۆڤێکە.
زمان بۆ نەتەوەی کورد شادەماری ناسنامەیە، بۆیە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان هەردەم هەوڵی شێواندن و لەخشتەبردن و تواندنەوەی ئەم ناسنامەیان داوە، هەرچەند زمانەکەمان پەراوێز خراوە و حاشا لە تواناییەکانی کراوە، بەڵام بە هەوڵی دڵسۆزانی فەرهەنگ و زمانی نەتەوە، ئەم شادەمارە هەر پارێزراوە و بووەتە جەمسەری خەباتی نەتەوایەتیمان.
لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، کە لەژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتی داگیرکەردا زمانەکەمان لە ڕەوڕەوەی پەروەردە ناخوێندرێت و بە پلان و بەرنامە هەوڵی سڕینەوەمان دەدرێت، بەڵام لەم دۆخەدا کە شەڕی زمان و ناسنامەیە لەگەڵ فەرهەنگی زاڵی حاشای دەسەڵات، کۆمەڵگەی کوردستان و نەوەی نوێی وشیاری کورد لە ڕۆژهەڵات ئاراستە و ڕێگەی ناسنامەخوازیی گرتۆتە بەر و گرنگیدان بە زمان و فەرهەنگی لا بووەتە گەوهەری ڕاستەقینەی خەباتی نوێ کە ئەمە جێگەی هیوا و ئومێدە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە: ئێمە لە کانوونی نووسەرانی کوردستان پێمان وایە لە خەبات لەپێناو زمان و ناسنامە، گەڕانەوە و پێناسەکردنەوەی جەوهەرییانەی مرۆڤی کوردە بۆ گەیشتن بە ڕزگاری، چونکە هەروەک دەگوترێ “زمان ڕۆحی نەتەوەیە”، کەواتە پاراستنی ئەم ڕۆحە ئەرکی سەرەکیی خەباتمانە.