دوو کاسبکاری کورد کەوتنە ناو یەکێک لە ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان و گیانیان لەدەستدا
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) شەوی شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، دوو کاسبکاری کورد بە ناوەکانی ئەبووبەکر محەممەدی خەڵکی گوندی گوڕەشێری سەردەشت و ئەسکەندەر محەممەد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی پشدەر، لە کاتی پەڕینەوە لە ڕووباری “قاسمەڕەش” لە سەر سنووری ناوچەی پشدەری سەر بە پارێزگای سلێمانی ، کەوتنە ناو ئاوەکە و خنکان.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەم دوو کاسبکارە لە کاتی پەڕێنەوەیان لە سنوور، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و بەم هۆیەشەوە بە ناچار خۆیان خستۆتە ناو ڕووبارەکەوە و سێ کەسی دیکە لەگەڵ ئەو دوو کاسبکارە بوون کە چارەبووسیان نادیارە.
تەرمی ئەم دوو کاسبکارە کوردە لە لایەن خەڵکی گوندەکانی ئەم ناوچەیەوە دۆزراوەتەوە.