میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە، کۆگای چەکوچۆڵەکانیان لە ترسی هێرشی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل دەگوازنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە ترسی هێرشی ئاسمانی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل زۆربەی کۆگاکانی مووشەک و چەکە قورسەکانیان گواستۆتەوە بۆ تونێلەکانی شاری مەیادین لە دێرەزوور.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند؛ لەشکەری فاتمیوون کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زۆربەی کۆگای مووشەک و چەکە قورسەکانیان کە لە شوێنی ئاژەڵداریی لە ناوچەی “هاوی” سەر بە پارێزگای مەیادین حەشاردابوو گواستۆتەوە بۆ ئەو تونێلانەی کە داعش کاتی خۆی لەو شارە دروستیکردبوون.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە دەڵێ: ئەم هەوڵانەی لەشکەری فاتمیوون بۆ گواستنەوەی کۆگا تەقەمەنییەکانی بە دوای هێرشی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکان لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە و لە ترسی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بەردەوام کۆگاکانیان لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازنەوە.












