دوو مامۆستای کورد لە شارەکانی مەهاباد و شنۆ کە سێ حەوتوو پێش ئیستا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون چارەنووسیان نادیارە.
سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی سێ حەوتوو لە دەسبەسەر کرانی دوو مامۆستای قوتابخانە بە ناوەکانی عەزیز قادرتاج و سیاوەش عەینی خەڵکی شارەکانی شنۆ و مەهاباد، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.
عەزیز قادرتاج مامۆستای قوتابخانەی بنەڕەتیی گوندی نزریوەی شنۆ شەوی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شنۆ دەسبەسەر و بۆ دەسبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ گوازراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی عەزیز قادرتاج هەتا ئێستا نەیانتوانیوە چاویان بە ناوبراو بکەوێت و ئەو مامۆستایە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.
لەلایەکی دیکەوە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی سیاوەش عەینی، مامۆستای قوتابخانەی بنەڕەتیی “حاج عەبدوڵا ڕوستەم زاده” لە مەهاباد کە هەمان ڕۆژ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو پێوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.