شۆرای هاودەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، وێڕای پیرۆز بایی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی لە گشت گەلانی ئێران، لە سەر مافی خوێندن بە زمانی زگماکی پێداگری دەکات.
لەو ڕاگەیەندراوەدا پاش ئاماژە بە مێژووی پەسەندکردن و هۆکاری ئەو ڕۆژە بە ناوی ڕپژی زمانی دایکییی هاتووە: گرینگیی ئەم ڕۆژە کاتێک دەردەکەوێ کە بزانین، بە پێی بەراوردە جیهانییەکان لەم کاتەدا ٤٣ لە سەدی زمانەکانی دنیا لە بەر دەم هەڕەشەی تێداچووندان.
هەروەها لێکۆڵینەوەکانی یۆنسکۆ دەریدەخا کە فێرکردن بە زمانی زگماکی لە قۆناخی سەرەتاییدا سەرکەوتنی زیاتری منداڵانی فێرگەکانی لە فێربوون و بەشداریی زیاتری دایک و باوکانی لە بردنەسەرێی ئاستی فێرکاریدا بە دواوەیە. ئەمە بە ڕادەیەک گرینگی پێدراوە کە تەنانەت یۆنسکۆ لە ڕەوتی فێرکاریی گشتیدا، خوێندن بە زمانی زگماکی بە یەکێک لە پێشمەرجەکانی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ نەخوێندەواریی دەزانێ و بەدوایدا دەچێت.
هاوکات کۆمەڵگای نێونەتەوەییش گرینگی و بایەخی خوێندن بە زمانی زگماکی سەلماندووە و وەک مافێکی سەرەکیی بۆ مرۆڤ بە فەرمی ناسیوییەتی. بە چەشنێ کە لە چەندها پەیماننامە و بەیاننامەی ئامادە کراو لە لایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە، هاوکات لەگەڵ پێداگری لە سەر مافی خوێندن بە زمانی زگماکیی تاکەکان، لە سەر بەڵێنەکانی دەوڵەتانیش لە مەڕ دانپێدانانیان بە ئەم مافە، جەخت کراوە.
ماددە پەسەندکراوە جیهانییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا هەموویان لەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەن کە بە ڕاشکاوی وەک ئەرکێک بۆ وڵاتانی ئەندام دیاری کراوە و لە سەریانە بۆ گەشە پێدان و خوێندن بە زمانی زگماکیی گەلان و نەتەوەکانی خۆیان، هەموو سەرچاوە و پێداویستییەک دابین و دابەش بکەن.
شۆرای هاودەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، وێڕای پیرۆز بایی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی لە گشت گەلانی ئێران، بە ئەرکی خۆی دەزانێ لە سەر مافی خوێندن بە زمانی زگماکی پێداگری بکات.
بۆچی کە وەدیهاتنی ئەم خواستە بۆ لێکتێگەیشتنی کولتووریی گەلانی دانیشتووی ئەم وڵاتە بە پێویست دەزانێ. جەختیش دەکاتەوە کە هەستی خۆشەویستیی بۆ نیشتمان و یەکێتیی نەتەوەیی تەنیا لە کاتێکدا دەگوورێ، کە یەکسانیی فەرهەنگیی لە نێوان گەلانی ئێراندا وەدی بێت. ڕێز گرتنیش لە زمانی زگماکیی هەموو گەلانی ئێران پێشمەرجی یەکسانیی فەرهەنگییە.