ڕۆژنامەی واشێنتۆن پۆست لە بابەتێک سەبارەت بە بەرجام و ئەگەری وتووێژی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسی: دەوڵەتی “جۆ بایدێن” لە کاتێکدا کە هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەنە ئامانجی مووشەکیی خۆیان ناتوانێ لەگەڵ ئەوان وتووێژ بکات.
ئەو ڕۆژنامەیە نووسی: بەڵگەی سەلمێنراو هەیە کە گرووپی “ئەولیا ئەلدەم” کە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری وەئەستۆ گرتووە گرووپێکە سەر بە میلیشیا چەکدارەکانی عەسائێب ئەهلی حەق لە عێراق و لەگەڵ هێزەکانی قودس و حیزبوڵڵا لە ڕیزی ئەو گرووپانەدا کە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تێرۆرەوە.
واشینگتۆن پۆست دەڵێ ئەگەر هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق هەست دەکەن کە دەتوانن بە دژی هێزەکانی ئەمریکا بەبێ هیچ بەرەنجامێک هەنگاو بنێن، هێرشی دواتر و مەرگ هێنەر دوور نییە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیکی فەرانسەیی هۆشداری بە کۆماری ئیسلامیدا و وتی:” ئەگەر ڕێژیمی ئێران بە پرۆتۆکۆلی لکێندراو کە ئیزنی سەردانی لە ناکاوی پشکێنەرانی ئاژانسی نێو نەتەوەیی وزەی ناوکیی دەدات ڕاگرێ، لەگەڵ دژکردەوەی قورس و نەگۆڕ بەرەوڕوو دەبێت”.