دوو ئەندامی پلە بەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا لە دوو حیزبی ئەو وڵاتە، لە بارەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هوشدارییان بە جۆ بایدێن دا.
ماوەیەک دوای ئەوەی کە دەوڵەتی جۆ بایدێن، بەفەرمیی ئامادەیی خۆیی بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ڕێککەوتنی “ناوکیی”ەوە دەربڕی، دوو ئەندامی پلەبەرزی کۆنگرەی ئەمریکا لە هەردوو حیزبی دێموکرات و کۆماری خوازەوە، هەریەکەو بە جیاواز بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و هوشدارییان بە دەوڵەتی بایدێن دا و گوتیان: ڕێژیمی ئێران بۆ ناوچەکە و تەواوی جیهان مەترسییەکی گەورەیە و نابێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات.
ئادام شیف بەرپرسی دێموکراتی کۆمیتەی زانیاریی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا لەو بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی: چەندین جار داوای ئەوەمان لە دەوڵەتی ئەمریکا کردووە کە دەبێ ڕێژیمی تاران ڕابگرێت و نابێ بەهیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات، لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستاشدا هەڕەشەیە بۆ جیهان، ئەگەر دەستیشی بە چەکی ناوکیی ڕابگات ئەو کات ترسی لە هیچ نامێنێ و هەموو پیشێلکاریی و تێرۆرێک دەکات و جیهان دەخاتە مەترسییەوە.
هەروەها مایکل مەککال ئەندامی پلەبەرزی کۆمیتەی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکاش لە بەیاننامەیەکی دیکەدا گوتی: جێی نیگەرانییە کە دەوڵەتی بایدێن هەوڵی ئەوە بدات کە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە ئەو ڕێژیمە بەهیچ شێوەیەک پێبەندی هیچ یاسایەک نابێ و لە ڕابردوودا بۆمان دەرکەوتووە کە ئێمە لەگەڵ چ ڕێژیمێکی پێشێلکار ڕووبەڕوو بووینەتەوە.












