بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی فەرانسەویی لۆفیگارۆ، ڕێژیمی ئێران لە نێوان دادگاییکردنی دیپلۆماتی تێرۆریست” ئەسەدوڵا ئەسەدی” و بەتاوانبار ناساندنی ئەو دیپلۆماتە لەلایەن دادگای بلژیکەوە، دوو هاووڵاتیی ئێرانیی کە ڕەگەزنامەی فەرانسەوی و ئاڵمانییان هەیە دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژیمی ئێران پێش لە دادگاییکردنی ئەسەدوڵا ئەسەدی، بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتی بلژیک دوو هاوڵاتیی بیانی دەسبەسەر کردووە و دەڵێ: تا ئەسەدوڵا ئەسەدی، ئازاد نەکرێ ئەو هاووڵاتییە بیانییانە ئازاد ناکرێن.
شایانی باسە کە دادگایەکی وڵاتی بلژیک لە مانگی ڕابردوودا “ئەسەدوڵا ئەسەدی” دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێرانی لە باڵوێزخانەی ڕێژیم لە ڤیەن بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی کۆنفرانسی ڕێکخراوێکی دژبەری رێژیمی ئێران لە فەرانسە بە ٢٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کردووە و سێ دیپلۆماتی دیکەی ئێرانییش هەر لەو پێوەندییەدا ١٨ و ١٧ و ١٥ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەروەی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە بڕیاری دادگای بلژیک دەربڕیوە و دەڵێ: ئێمە لە هەموو هێزی سیاسیی و یاسایی خۆمان بۆ ئازادکردنی “ئەسەدوڵا ئەسەدی” کەڵک وەردەگرین.