ڕێکخراوی کەلتووریی و هونەریی مامۆستا زیرەک، سەدان پەرتووکی کوردیی پێشکەش بە بنەماڵەکانی ناوچەی بۆکان وسەقز کرد.
لە کۆتایی مانگی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، ڕێکخراوی کەلتووری و هونەری مامۆستا زیرەک، وەک دیاریی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی، سەدان پەرتووکی کوردیی پێشکەشی بنەماڵەکانی چەند ناوچەی شاری بۆکان و سەقز کرد
لە ماوەی ئەم دە ساڵەی دواییدا، دەیان گوندی کوردستان بە تێکۆشان و هەڵمەتی بەرپرسانی ڕێکخراوەی کەلتووریی و هونەریی مامۆستا زیرەک، خاوەن پەرتووکخانەی کوردین و ئەم جارەش وەک هەڵمەتێکی خۆبەخشانە، لە چەند ناوچەی بۆکان و سەقز، پەرتووکی کوردیی، پێشکەشی بنەماڵەکان کرا.
یەکێک لە مامۆستایانی ئەو ناوەندە فەرهەنگییە لەو بڕوایەدایە ئەمە دەبێتە هۆی چڕوپڕتربوونی پەرتووکخانەی کوردیی و پێویستە هەر کوردێکی شارەزا و پسپۆڕ، بەشێکی ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێ و ئەم بابەتانەی لە زمانی کوردیدا، کەمتر لەسەریان نووسراوە، وەک فەلسەفە، دەروونناسی، بەشەکانی زانست وتێکنۆلۆژی، لە زمانەکانی دیکەوە، بیانهێننە سەر کوردیی و بەم جۆرە، ڕێگە بۆ لێکۆڵەرانی کورد لەم بوارانەدا، خۆشتر بکەن.