جیهانی ئەدەبیی میتۆلۆژی خۆی لە خۆیدا قوتابخانەیەکی فیکرییە. مرۆڤ دەتوانێ بەدەم چێژوەرگرتن لە باری چیرۆکی و ئەفسانەییەکەی ئەو خەزێنەیە، لەگەڵ گەلێک ئەزموونی ئەخلاقیش ئاشنا بێ. لەهەمان کاتدا دەتوانین لێهاتوویی ئوستوورەکانی ئەو دنیا ئەفسانەییە لەگەڵ قارەمانە نەناسراوەکانی نێو ڕووداوە ئەمڕۆییەکان هەڵسەنگێنین. هەر نەتەوەیەک لەبەر خۆیەوە کەموزۆر خاوەن کۆمەڵێک چیرۆکە کە پڕن لە پاڵەوانانی ئەفسانەیی. ئەرکی پاڵەوانەکان پتر خۆڕاگری و بەرگری بووە و دانانی کاریگەریی ڕوحی لەسەر ورەی کەسانیتر بە درێژایی مێژوو. چیرۆکی ئەو پاڵەوانانە وەک میرات لە جیلێکەوە بۆ جیلی داهاتوو گوێزراونەتەوە. لە ناوچەی ئێمە، ئەفسانەوێژی لە سەردەمی سۆمێریەکانەوە زیاتر گەشە دەستێنێ و دواتر یۆنانییەکان پتر لە گەلانی دیکەی دراوسێ دەیاننووسنەوە و ڕەنگ و ڕوو و نێوەرۆکی فەلسەفی و ئەخلاقیی پێدەدەن. عەڕەبەکان بە گەورەکردنەوەی ئیبراهیم و ئیسماعیل پتر خۆیان دەناسێنن. پارسەکان پەنا بۆ شانامەی فیردەوسی دەبن. ئەو شانامەیەی سەرەتا بە مەبەستی وەرگرتنی خەڵاتێک لە پاشا نووسرا و دواتر پارسەکان لەبەر هەستکردن بە هەژاریی مێژوویی کردیان بە سەرچاوەیەک بۆ بەرهەقبوونی خۆیان. ئەوان بەجۆرێک هەم لاسایی یونانییەکانیان کردەوە و هەم ڕکەبەرایەتی. چونکە یونانییەکان خاوەن ئیلیاد و ئۆدیسەی ئۆمیرۆس بوون و ئەوانەش دەبوایە شانامە بێننە گۆڕی. ئەو شانامەیەی زۆر دواتر و لە سەردەمی ئیسلامدا نووسرا و وەک پارسەکان دەڵێن دوو بەرابەری ئیلیاد و ئۆدیسەیە. بڵێم بەداخەوە یا بەخۆشییەوە، لەو دواییانەدا پتر و پتر دەردەکەوێ کە پارسەکان چۆن مڵکی ئەدەبیی گەلانی دیکەیان یا دزیوە یا زەوتیان کردووە و دەستکارییان کردوون و بەناوی خۆیانەوە بڵاویان کردوونەتەوە. تورکەکانیش هەرچەند سەدەی یازدە پەلاماری ئاسیای بچووک و مێسۆپۆتامیایان دا و داگیرکارییان دەست پێ کرد، خێرا وەخۆکەوتن و چیرۆکەکانی خۆیان لە سۆمێرییەکان گڕیدا و بەو چەشنە ویستیان میژوویەکی کۆن بۆ خۆیان دروست بکەن. کورد، ئەویش چیرۆکەکانی بە بەیتبێژان ئەسپارد و بەجۆرێک لە فەوتان ڕزگاری کردن. ئەوەی لێرەدا مەبەستی منە، وێکچوویی پاڵەوانەکانی نێو بەیت و هۆنراوە کوردییەکان لەگەڵ ئەکتەرە بوێرەکانی نێو شانۆنامە ناسراوەکەی سۆفۆکلیسە. بە خوێندنەوە و گوێ لێگرتنیان لەگەڵ ڕوحی بوێری و پڕ لە سۆزی کورد و یونانی ئاشنا دەبین. هێگل سەبارەت بەو سامانە بۆچوونێکی جوانی هەیە و دەڵێ:
” ڕوحی هیچ نەتەوەیەک لە مێژوو و دین و قەیاسی ئازادیی سیاسی ئەو میللەتە جیا نابێتەوە و بەیەکەوە گرێ دراون“
لەو بابەتەمدا منیش سەرەتا دەچمە سەر باسی تراژێدیای “ئەندیغۆنی” کە بەرهەمی شانۆیی “سۆفۆکلیس”ە و ساڵی ٤٤٢ یا ٤٤٠ی پێش زایین نووسراوە. خاتوو ئەندیغۆنی ئەکتەری سەرەکیی ئەو بابەتەیە و شاکارەکە بە بوونی ئەو دەخوڵقێ. هەروەها ڕوحی هاوبەشی ئەندیغۆنییەکانی یونانی و کوردی دەکەمە هەوێنی هەڵسەنگاندن.
* * *
ئیدیپۆداس و خاتوو یووکاستی ژیانی هاوسەرییان پێکهێنا. ئەو خاتوونە پێشتر شاژنی شاری تیڤا بوو. ئیدیپۆداس نازانێ ئەو ژنەی زەماوەندی لەگەڵ کردووە دایکی ڕاستەقینەی خۆیەتی. بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە دەبێتە چوار مناڵ، دوو خوشک بە ناوەکانی ئەندیغۆنی و ئیسمینی و دوو براش بە ناوەکانی ئێتێئۆکلیس و پۆلینیکیس. ئیدیپۆداس بە دوو کوڕەکانی خۆی گوت گەر بێتوو لەسەر میرات دەگیانی هەڤدوو بەربن وەبەر نفرینی من دەکەون. دیارە سەرەڕای ئەو وەسیەتە، زۆری نەخایاند و هەردوای نەمانی باوک، براکان بێ ئەمری باوکیان کرد و ململانێیان بۆ دەسەڵاتی پتر و میراتی زۆرتر ڕەچاو کرد و لە شەڕێکی دەستەویەخەدا یەکتریان کوشت.
ئیدیپۆداس بە نهێنیی ژیان و چارەنووس و ڕەچەڵەکی خۆی زانی. خۆی لە تاج و تەخت و دەسەڵات دوورخستەوە و بۆ کوڕەکانی جێهێشت. ئێتێئۆکلیس و پۆلینیکیس وا ڕێک کەوتن کە هەر ساڵێ یەکیان پاشایەتیی شاری تیڤا بکا. ساڵی یەکەم نۆرەی ئێتێئۆکلیس بوو. دوای ئەوەی ساڵەکە تەواو بوو، دەسەڵاتی لێ خۆش هات و بۆ پۆلینیکیسی جێ نەهێشت. پۆلینیکیس تۆرا و لە شاری تیڤا ڕۆیشت و چووە شاری ئارغۆس و لەگەڵ کچی “ئادراستۆس”ی پاشای ئەوێ زەماوەندی کرد. پاشان هێزێکی وەسەر یەک خست و پەلاماری شاری تیڤای دا. ئەو هێرشە بە هیچ کوێ نەگەیشت و دوو برا لە گۆڕەپانی شەڕدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. بە شەڕی دەستەویەخە یەکتریان کوشت. شاری تیڤا بێ پاشا مایەوە. کرێئۆنداس کە دەبووە خاڵیان و برای یووکاستیی دایکیان، جێگری ئێتێئۆکلیس بوو. ناوبراو لەجێوە خۆی وەک پاشا ڕاگەیاند. فەرمانی دا تەرمی ئێتێئۆکلیس بە ڕێز و حوڕمەتی شاهانە بنێژرێ، لە هەمان کاتدا کەس بۆی نییە جەنازەی پۆلینیکیس بە خاک بسپێرێ و دەبێ فڕێ بدرێتە بەردەم سەگ و ئاژەڵی دڕندە و قەل و داڵی گۆشتخۆر. بیانووی بۆ ئەو فەرمانەی دۆزییەوە و گوتی ئەو کوڕە خەیانەتی بە وڵاتی خۆی کردووە. فەرمانی کرێئۆنداس دژی یاسا و ڕێسا و نەریتی خەڵکی شارەکە و فەرمانی خوداکان بوو. ئەندیغۆنی و ئیسمینی، دوو خوشکی دوو برای کوژراو، هەردوو بەو بڕیارە تەواو ناڕاحەت بوون. ئەندیغۆنی سەرەتا ئیسمینی خۆشکی بردە دەرەوەی قەسر بۆوەی بۆچوون و بڕیاری خۆی سەبارەت بە تەرمی نەنێژراوی براکەی بەو بڵێ:
” من وەکوو خۆشکی ئەو برایانە بۆوە لەدایک نەبووم ڕق و نەفرەتم لێیان هەبێ. بۆوە لەدایک بووم ئەوانم خۆش بووێ“
ئەندیغۆنی پێی دەڵێ کە دەخوازێ جەنازەی پۆلینیکیسی برای بنێژێ و بە دژی فەرمانی کرێئۆنداس بجووڵێتەوە. ئیسمینی ناتوانێ خوشکی لەو کارە پەشیمان بکاتەوە و هاوکارییشی ناکا و دەترسێ کرێئۆنداس بیکوژێ. ئەندیغۆنی پێشتر، سەبارەت بە بڕیارەکەی خۆی گفتوگۆی لەگەڵ تیرێسیاس، تاڵعبینە کوێر و ناسراوەکەی شاری تیڤا کردبوو:
ئەندیغۆنی: تۆ تا ئێستا عاشق بوویە
تیرێسیاس: عەشق مەترسیدارە خاتوون
ئەندیغۆنی: بۆچی مەترسیدارە؟
تیرێسیاس: چونکە ئیزنت پێ نادا لە کاری مەترسیدار بپرینگێیەوە.
کرێئۆنداس فەرمانی خۆی دەرکردبوو و تەنانەت هەڕەشەی کردبوو هەرکەس لە فەرمانی دەرچێ و جەنازەی پۆلینیکیس بنێژێ، بە سزای بەردەباران دەکوژرێ.
دوو خوشک، ئەندیغۆنی و ئیسمینی دەکەونە ڕاوێژ. ئەندیغۆنی بە پێچەوانەی ئیسمینی ئوستوورەیەک لە بوێرییە :
– ئەندیغۆنی، بەڕاست دەخوازی جەنازەکە بنێژی، مەگەر نازانی ناشتنی ئەو تەرمە، بە فەرمانی کرێئۆنداس ڕێپێدراو نییە؟
– هۆ خوشکی دلۆڤانی ڕۆژانی چارەڕەشیم، بەڵێ جەنازەی برای خۆم و برای تۆ دەنێژم. ئەگەر دەخوازی یارمەتیم بدە، ئەگەریش نا، کەس بە خەیانەتکردن تاوانبارت ناکا.
– گەلێک مەترسیدارە، کایە بە ژیانی خۆت دەکەی!
– شانازییە بۆ من جەنازەکەم لەگەڵ براکەم بنێژرێ، لەگەڵ ئەو خۆشەویستتر دەبم. زەمەنی خۆشەویستبوونم زۆر درێژتر لەوەی ئێستام دەبێ.
– من دەخۆم ڕانابینم. هەردەم بێهێز و ورە بوومە و نەمتوانیوە دژی خواستی حوکمڕانان بجوڵێمەوە.
– من جەنازەی براکەم دەنێژم و لەگەڵیشی دەچمە ژێرخاک.
– دڵێکی گەرمت هەیە بۆ شتگەلی سارد.
– حەز دەکەم بە دڵی ئەو کەسانە بم کە خۆشیان دەوێم.
– بە مەسڵەحەتی نازانم خۆ لە کارێک بدەی کە جێبەجێ نابێ.
– گەر بەو چەشنە بدوێی لەبەرچاوی من و برای کوژراوت دەکەوی.
– گەر ئەوە بۆچوونت بێ بیکە. لە ڕاستیدا هەر خۆشەویستی ئەو کەسانە دەبی کە خۆشیان دەوێی….
نەتەوە دێرینەکان خاوەن مێژووی وێکچووی پڕ لە تراژێدییان. چیرۆکەکانیان ئەفسانەیی و ئەفسووناوین. یۆنان یەک لەوان نەتەوان خاوەن سیستەمی دەوڵەت-شار بووە و دانیشتووانی هەموو شارەکانیش لەباری ڕەگەزییەوە یونانی بوون، بەڵام دابەشکراو بەسەر کۆمەڵێک دەسەڵاتی ناوچەییدا. کوردستانی ئێمەش بەجۆرێک بەشێوەی میرایەتی بەهۆی کۆمەڵێک میری سەربەخۆی خاوەن ڕەگەزی کوردی بەڕێوە چووە. یونانییەکان بەسەرهاتەکانیان لەسەر لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار کرد و بەشێوەی قەومانی ڕاستەقینە یا میتۆسی مەبەستدار نووسییانەوە و بۆ نەسڵەکانی داهاتوویان جێهێشت، کوردەکانیش بەشێوەی خۆیان، واتە بە بەیت، لاوک و حەیران لە جیلێکەوە بۆ جیلیتر ڕایانگواست.
بۆ تاوێک ئەندیغۆنی جێدەهێڵم و دەچمە لای بەیتی شۆڕمەحموود و مەرزینگان لە کوردستانی نیشتمان.
مەرزینگان ئەگەر چاوی بە شۆڕمەحموود کەوت، هەڵیدایە:
“ئەوە کاری بابمە دەتنێرێ بۆ جەنگی چوکڵی هەمەوەند و سمێڵسپی کامەرییە
ئاگاداری تۆ بێ ئەلیاس لە بەحری و خدر لە چۆلی و لە بەرییە“
مەرزینگان دواتر زۆر بەهەستتر و بەدڵێکی ئەویندارانەتر هاوار دەکا:
سوارینە وەرن لە دڵێکە من گەڕێن ئەوە چ بووە چ قەوماوە
ئەی لەوێ خەبەرێ لە نەدیو و لە نەکاوە!
کوڕە خۆ ڕاستە دەڵێن شۆرمەحموود لە گێژی دەریادا خنکاوە
سەڵای گەورە و گرانم لێ ڕابوو، کەسم لە ماڵە باوان نەماوە…..
مەرزینگان ئەوجار چەشنی ئەندیغۆنی بڕیارێک دەدا کە پاشماوەی ژیانی بگۆڕێ. دەبێ بڵێم بوێری ئەندیغۆنی یونانی بەجۆرێکیتر لەنێو ڕوحی بەرز و خەیاڵی ساکاری مەرزینگاندا خۆی دەنوێنێ. بەڵێن بە شۆرمەحموود دەدا:
شەرت بێ پاش تۆ یەخەی کەتانی من بۆ کەس ئاواڵە نەکراوە
تا ئەو ڕۆژەی دەڵێن ڕۆژی قیامەتە و ڕۆژی حەشرە و خودا دیوانی داناوە
مەرزینگان لەو شینگێڕییەدا پێمان دەڵێ ناهەقییەک دەرهەق بە شۆڕمەحموود کراوە و بۆیە بەڵێن دەدا قەت کەس نەهێنیتە نێو ژیانی خۆی، تا ئەو کاتەی هەق بەسەر ناهەقدا سەردەکەوێ.
لە بەیتی “کاکە میر و کاکە شێخ”یشدا، هەرچەند هۆی کوژرانی ئەو دوو برایە بەشێوەی جۆراوجۆر باس دەکرێ، لەوێش ئێمە بەسەر شینگێڕییەکی هاوشێوەدا دەکەوین. دوو خووشک بە ناوەکانی ئەستی و بەغدان بۆ براکانیان شیندەگێڕن:
هەی ڕۆ، هۆ، هۆ، وەی
ئەستی دەڵێ خوشکێ بەغدانێ
سەرشینی قەلەندەری بابانوێرانێ
بێکەس، بێدەرێ، بێخودانێ
وەرە یەکمان بچینەوە ئەستەمبووڵێ
یەکمان بچینەوە کن شازادە شای تارانێ
یەکمان بچینەوە کن قلیچ باتمانی دە ئیسپەهانێ
ئەوەی دیکەمان بچتەوە سەر کووپەڵەی دەخمخانێ
ئەتۆ لێ دەوە لکی دە دەسرۆکەی
ئەمنیش لێ دەدەمەوە لکی دەکۆڵوانێ
ناوەڵا دە لاملانێ
ئەمن داخێک و سێسەد مخابەتی دە دنیایەم دەکوژێ
بۆ کاکە میر و کاکە شێخم
حاکمەکەی مەرگە و پشدەری ڕەنگینم کوانێ
هەی ڕۆ، کاکینە ڕۆ! براینە ڕۆ!
ئەگەر ڕاستە و ئەگەر درۆ
وەسەر ئەستی قەلەندەرو دەکردەوە خۆڵی کۆکۆ
لە چیرۆکی ئەندیغۆنیدا بابەتی دادپەروەری بەردەوام دێتە گۆڕێ و گرینگ مافی ئینسانەکانە کە دەبێ وەبەرچاو بگیرێت. دادپەروەری بەسەر هەموو قۆناخەکانی یەکبەیەکی ڕووداو و کارەساتەکاندا دابەش کراوە.
کرێئۆنداس لە بارەگای خۆی لەگەڵ پیاوماقوڵانی شار کۆبووەتەوە و ئەوانیش ئەو فەرمانە ناڕەوایەی ناوبراو بە باش دەزانن. لەنەکاو ئاگادار دەکرێنەوە کە کەسێک جەنازەی پۆلینیکیسی بە خاک سپاردووە. کرێئۆنداس فەرمانی گرتنی ئەندیغۆنی دەدا. دەیهێننە بەردەم پاشا. بوێر و خاوەن ویژدانێکی ئاسوودەیە. ئیسمینی، ئەویش دەستبەسەر کراوە. ئەو بە درۆ دەڵێ یارمەتیی ئەندیغۆنی داوە، چونکە دەزانێ هەر دەکوژرێ، دەخوازێ لەو شانازییەدا بەشدار بێ کە ئەندیغۆنی خوڵقاندوویەتی. دەخوازێ لەگەڵ خوشکی بوێری خۆی بمرێ، مەخابن ئەندیغۆنی قبوڵ ناکا. تاڵعبینە کوێرە، واتە تیرێسیاس هەست دەکا کە پێویستە بە شێوەی هەڕەشە ئامۆژگاری کرێئۆنداس بکا. پێیدەڵێ:
– کرێئۆنداس، شار لەبەر کوێری تۆ کوێر بووە. عەقڵ و تێگەیشتن چاکترین دیارییە. تۆ بە کردەوەکانت، نیزامی دوو جیهانت شێواندووە، چونکە مافی خودایانی مەرگت ژێرپێ ناوە، لەبەر ئەوەی ئیزنت نەدا جەنازەی پۆلینیکیس بنێژرێ و بچێتە لای خوداوەندەکانی دنیای ژێر خاک. سزای ئەو تاوانەت لەلای خوداکانەوە ئەوەیە کە کوڕەکەت لەدەست دەچێ. خەڵکی یونان بەخڕی بە چاوی سووک سەیرت دەکەن و خوداکانیش چیتر قوربانی و خێراتەکانی شاری تیڤا قبووڵ ناکەن…
کرێئۆنداس بڕیار دەدا ئیسمینی ئازاد بێ و ئەندیغۆنی لە ئەشکەوتێکدا دەستبەسەر تا بە زیندوویی لەوێدا بمرێ. خەڵکی شار بەبیستنی ئامۆژگاری و تاڵەبینی تیرێسیاس لەبەر کرێئۆنداس دەپاڕێنەوە کە ئەندیغۆنی ئازاد بکا. کرێئۆنداس ترس دایدەگرێ و بڕیاری ئازادکردنی ئەندیغۆنی دەدا، مەخابن بەدرەنگییەوە، چونکە ئەندیغۆنی خۆی کوشتووە. ئێمۆن کوڕی کرێئۆنداس کە دەزگیرانی ئەندیغۆنی دەبێ، ئەویش لە خەفەتی لەدەستدانی خۆشەویستەکەی خۆی دەکوژێ….
لە سەرتاسەری چیرۆکی ئەفسانەیی ئەندیغۆنیدا ئێمە هەرچەند شینگێڕی و کۆمەڵە کارەساتێکی یەک بەدوای یەکدا دەبینین، بەڵام سۆفۆکلیس بەو شاکارەی ڕوحی بوێری، مافخوازی، دڵسۆزی، شانازی و زۆر هەستیتر لە زەینی خوێنەردا بە زمانێکی فەلسەفی- ئەدەبی زیندوو دەکاتەوە و هەر پەردەیەکی خۆی شۆڕشێکی ڕەهای مرۆڤە بۆ خۆڕزگاریی. هەمیشە پاڵەوانانی وەکوو ئەندیغۆنی، ئەستی، مەرزینگان و زۆریتر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبوونە کە لەمەر کارەساتەکاندا سۆزی خۆیان دەربڕیوە و لەدەستچوویان بەبای فەرامۆشی نەسپاردووە. سوارەی ئیلخانیزادە سەیرکە چۆن بۆ دادەئامینی خوشکی دەناڵێ:
خوشکم ئەی چرای کوژاوەی دڵم
مایەی گریانی دڵی پڕ کوڵم
کوانووی دامرکاو لە بڵێسەی ژین
بووکی چارەڕەش، خوشکەکەم “ئامین”
…..
بۆ کۆستی کەوتووم کێ تاوانبار کەم؟
لە خوا و لە سروشت لە کێ هاوار کەم؟!
هەڵسووکەوتی بوێرانەی دایکی سێ برای بەگزادەی لەسێدارەدراوی سەقز دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، خۆی بەرزترین و بەهێزترین پێیسی نەنووسراوی مێژووی کوردە. خاتوو “زێڕوەشان” هەواڵی مەرگی کوڕەکانی پێ دەگا. ناخوازێ ڕووزەرد بێ و دوژمن دڵخۆش. بە نینۆک ڕوومەتی دەڕنێ و سووری هەڵدەگێڕێ. دەچێتە پای سێدارە. پاسەوانەکان سەیری دەکەن. ئەو سەر هەڵدەبڕێ و بەدەنگێکی پڕ لە بوێرێ، دڵسۆزی و نیشتمانپەروەرانە دەڵێ:
“من بۆتان ناگریم و شینتان بۆ ناگێڕم. ئێوە بوێرانە بەرەو سێدارە چوون و بوون بە سەردار. ئێوە خەیانەتتان نەکرد و چەتەش نەبوون، ئێوە لە ڕێگای ئازادی گەلدا شەهید بوون و دڵنیابن هەمیشە زیندوون.”
یا دایکی ئەو پێشمەرگە شەهیدەی لە ئێوارە زەردەپەڕێکدا هاتە سەر تەرمی کوڕەکەی خۆی، نێوچاوانی کوڕەکەی ماچ کرد و بەدەستی دایکانە چاوەکانی جگەرگۆشەی وێکنا. ئەو دایک و خوشکانە پێویستییان بە سۆفۆکلیسی سەردەمە شانۆنامەی نوێ بنووسێ و بڵێ ئەندیغۆنییەکانی کوردستانیش فرمێسکیان بە چاویاندا نەهاتە خوار و مەرگی جگەرگۆشەکانیان کردە شانازییەک بۆ وەچەی زیندوو. لەخۆڕا نییە کە “حۆری غەمیان” وەختێک برای پێشمەرگەی شەهید دەبێ، ئەویش شینگێڕی بۆ دەکا، بەڵام چۆن؟ ئەویش بە هۆنینەوەی شێعری “فەرەنجیپۆش” ڕوحێکی شۆڕشگێڕانە وەبەر هاوارەکەی دەنێ و دەخوازێ لەدەستچوونی برا لە کارەساتەوە بگوێزێتەوە بۆ بڕیاری بوێری لە پێناو گیانفیدایی و خۆبەختکردن بەمەبستی بەختیارکردنی نەوەی داهاتوو:
بێ ئۆقرەم لێم بڕا ئارام
بیستم تۆ نەماوی بەڵام
چونکوو ڕێگات ڕێی خەبات بوو
سەربەرزی بوو، بۆ نەجات بوو
دەبێ بزەم بێ لە لێوان
بەرز بم وەکوو لووتکەی کێوان
کێوانی کوردستانەکەم
جێگای تو کاکە جۆانەکەم
هیچ سەردەمێکی ژیان بێ هەبوونی ئەندیغۆنییەکانی زەمان نامەشێ. براکان کە لەسەردەمی حەیاتدا شاکار دەخوڵقێنن، سۆزی خۆشەویستی خوشکەکانیشیان ئەوان وەک خۆیان و بەرهەمیان دەگەیێننە لووتکەی جوانی. ئەوەتا دادە زێنەبی خوشکی شاعیری نەتەوەیی، دڵداری “ئەی ڕەقیب” دەبینین مەرگی برای خۆی چەند جوان دەکاتە شینێکی زیندوو و ناهێڵێ تۆزی فەرامۆشی لەسەر بنیشێ:
شەهسواری عەرشی كورد و یونسی دڵدارم ڕۆ…
قەلەمی عیلم و ئەدەب و شكۆفەی بەهارم ڕۆ…
کاروانی خەباتی کوردستان تا دەگاتە مەنزڵگەی سەرکەوتن گەلێک ڕووداوی جۆراوجۆریتر تاقی دەکاتەوە، هەربۆیە پیویست و ئەرکە نەسڵی ئێستا و داهاتوو ببنە سۆفۆکلیسەکانی خاوەن شاکار، قۆناخ بە قۆناخی سەرکەوتن و شکستەکان تۆماربکەن و بیخەنە بەرچاوی گەلانی جیهان. ئەگەر شانۆی “ئەندیغۆنی” بە هەزاران ساڵ لەسەر سێنەکانی شانۆ نمایش کران و سەرنجی خەڵکیان ڕاکێشا، دڵنیام بوێری “زێڕوەشانەکان” پتر کار لە ڕوح و هەستی مرۆڤەکان دەکا، چونکە یەکەمیان ئەفسانە بوو و دووهەمیان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری دنیای سەردەمە.