مردنی ٦ كەس لە پارێزگای ورمێ و ٥ كەسی دیكە لە پارێزگای سنە، بەهۆی تووش بوونیان بە نەخۆشیی ئانفڵۆئانزا پشتڕاست كراوەتەوە.
جەواد ئاقازادە، سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانو خزمەتگوزارییە بێهداشتییەكانی ورمێ وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵەو بە ڕاگەیاندنی ئەم مەسەلە كە ئانفڵۆئانزا نەخۆشییەكی گوازراوەیە كە لە هەموو وڵاتانی جیهان سەرهەڵ دەدا، گوتی: ئەم كەسانەی كە مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشیییەیان زیاتر لە سەرە، پێویستە زۆرتر ئاگاداری خۆیان بنو تا ئەم جێیەی دەتوانن خۆیان لە تووشبوون بەم نەخۆشییە بپارێزن و ئەگەر گرتیشیان دەبێ زۆر بە پەلە لە هەوڵی چارەسەر كردنی خۆیان دابن.
جێگری بێهداشتیی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی سنەش باسی لە مردنی ٥ كەس بەهۆی تووش بوون بە ڤیرووسی ئانفڵۆئانزای بەراز لەم پارێزگایە كردوەو دەڵێ: هەموو ئەم كەسانەی كە پاش گرتنی ئەو نەخۆشییە مردوون، لە دەستەی گرووپە پڕمەترسییەكاندا بوون.
فەرزام بیدارپوور هەروەها باسی لە خەواندنی ٥٨٤ كەس لە نەخۆشخانەكانی ئەم پارێزگایە كرد كە بەهۆی گرفتەكانی هەناسە هەڵكێشان تووشی كێشە هاتبوونو گوتی: لەم کۆمەڵە کەسە55 كەسیان تووشی نەخۆشیی ئانفڵۆئانازی بەراز هاتبوون.
سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی ورمێ هەروەها لە وڵامی پرسیارێكدا لە بابەت ڕێژەی مردنی خەڵك لەم پارێزگایەو گرینگترین هۆكارەكانی ئەم مەسەلە گوتی: یەكەم هۆكاری مردنی نەخۆشەكان لە پارێزگای ورمێ، نەخۆشی دڵو دەمارەكانەو پاش ئەویش شێرپەنجە بۆتە بكووژی خەڵك لەم پارێزگایە.
ئەم كاربەدەستە وێڕای ئاماژە بە كەم بوونی تەختی نەخۆشخانە لە پارێزگای ورمێ گوتی ڕێژەی تەختی ستاندارد لەم پارێزگایە دەبێ ٥ هەزار و ٢٠٠ تەخت بێ، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستادا نەخۆشخانەكانی ئەم پارێزگایە هەزار و ٣٦٥ تەختیان كەمە.