جگە لە كاردانەوەی پێشنوێژی هەینیی مەریوان، فەرمانداریو ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامیی ئەم شارەش بەهۆی بڵاو كرانەوەی وتارێكی ڕەخنەگرانە لە بارەی ئیسلامدا لە گۆڤاری زرێباردا، سكاڵایان تۆمار كردوە. دەگوترێ زەكەریا قادری، نووسەری ئەم وتارەش كەوتۆتە بەر لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی قەزایی بۆ ئەویش دەكرێ.
پاش بڵاو بوونەوەی وتاری “پێوەندیو عەسەبییەتی ناسیۆنالیستو عەرەبییەت و ئیسلام لە قوڕەیشەوە تا سەرهەڵدانی داعش” بە قەڵەمی زەكەریا قادری لە وەرزنامەی “زرێبار”دا، فەرمانداریو ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامیی مەریوان شكایەتیان لەم گۆڤارە كردووە و پێشنوێژی هەینیی مەریوانیش لە وتاری ڕۆژی هەینیی خۆیدا، بڵاوبوونەوەی ئەم وتارەی بە سووكایەتی كردن بە پێغەمبەر و بە دینی ئیسلام زانیوە.
بەڕێوەبەری ئیرشادی شاری مەریوانیش بە ڕاگەیاندنی هەواڵی تۆماركرانی شکایەت لە گۆڤاری زرێبار گوتی: بە سەرنجدان بە چاپی ئەو بابەتانەی كە بە قسەی ئەوان پڕن لە سووكایەتی لە وەرزنامەی زرێبارداو ناڕەزایەتیی دەربڕینی زانایانی مەریوان لە ڕێگەی ئیدارەی ئیرشادی شاری مەریوان لە بابەت تاوتوێ كردن و هێنانە بەر باسی ئەم مەسەلە لە هەیئەتی دادوەریی ڕاگەیەنەكانو دوایین بڕیار لە بابەت نووسینی ئەم وتارە، لە ڕێگەی ئیدارەی گشتییەوە سكاڵانامەیەك ئامادە كراوە.
زەكەریا قادری، نووسەری ئەم وتارە، مامۆستای پێشووی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی ئازادی كرماشان بووە كە دەگوترێ لەژێر فشاری حەراسەتی زانكۆدا، ڕێگری لە وانەوتنەوەی ناوبراو لەم زانكۆیەدا كراوە.
وەرزنامەی ئەدەبی، فەرهەنگیو كۆمەڵایەتیی زرێبار، بە دوو زمانی فارسیو كوردی بڵاو دەبێتەوەو، لەم دواییانەدا دوو ژمارەی ٨٧ و ٨٨ی ئەم وەرزنامەیە بڵاو كراوەتەوە.