بەهۆی تەقینەوەی مین شوانێك لە قەسری شیرین بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە كوردستان و كورد لە ناوچەی “كرە پوو” لە بەشی سنووریی سۆماری سەربە قەسری شیرین شوانێك بە ناوی محەممەدجەعفەر چراغی لە كاتی لەوەڕاندنی مەڕو ماڵاتەکەی بە هۆی تەقینەوەی مێنێكی بەجێمای شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە بن پێیدا بریندار بوو.
هەواڵدەریی دەوڵەتیی “ئیرنا”ش وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە گوتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٤ كەس لە شارە سنوورییەكان بە هۆی مینو تەقینەوەی بەجێمای شەڕی ٨ ساڵە كە ٦ كەسیان كوژراو و ١٨ كەسەكەی دیكەش برینداربوون.
بەپێی ئاماری ناوەندی پووچەڵكردنەوەی مین، زیاتر لە ٤ میلیۆن هێكتار لە پانتایی كوردستان بە ١٢ میلیۆن و مادەی تەقینەوە چێندراوە. بەپێی ئەم ئامارە هەر ٣ ڕۆژ كەسێك بە هۆی تەقینەوەی مین دەكوژرێ یان بریندار دەبێ.
لە لایەكی دیكەوە دەوڵەت بۆ خۆی بە تەنیایی ناتوانێ ئەم هەمووە مین كۆبكاتەوەو ئیزنیشی بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی، مەدەنی و خاچی سووری جیهانی نەداوە كە لەسەر داوای خۆیان ئامادە ئەم مینانە پووچەڵ بكەنەوە.
شایانی باسە كە جگە لە هەڵنەگرتنەوەی مینەکان لەو ناوچانە بریندارانی تەقینەوەی مین و قوربانییانی ئەم ڕووداوەش کەمترین پێڕاگەیشتنیان پێدەکرێو لە هەموو مافەکانیان بێبەشن.
زیانلێكەوتووانی تەقینەوەی مین بە شێوەیەك بە قوربانی شەڕ دەژمێردرێن، بەڵام بەم حاڵەش بەگشتی لە هەموو خزمەتگوزاریو ئیمكاناتی كوژراوانو بریندارانی شەڕ بێبەش کراون.