داوای پەنابەریی ئەندامانی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد لە لایەن فەرمانگەی کۆچبەریی سویسەوە بۆ جاری دووهەم ڕەتکراوەتەوە و ئەم بنەماڵەیە مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، داواکاریی پەنابەریی عابد سەرمەستی، چالاکی سیاسیی کورد هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ جاری دووهەم لە لایەن فەرمانگەی کۆچبەریی سویسەوە ڕەتکراوەتەوە و ئەندامانی ئەو بنەماڵە چوار کەسییە مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.
ئەم چالاکە سیاسییە ساڵی ٢٠١٥ی زاینیی لەگەڵ بنەماڵەکەی بە ناچاری هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشتووە و چووەتە وڵاتی سویس و داوای پەنابەریی کردووە بەڵا تا ئێستا دوو جار داوای پەنابەرییەکەی لە لایەن فەرمانگەی کۆچبەریی ئەم وڵاتەوە ڕەتکراوەتەوە و ئێستا مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی عابد سەرمەستی هەم لە زێدی خۆی و هەم لە هەرێمی کوردستان و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە سویس چالاکیی سیاسیی هەبووە و لە زۆربەی ناڕەزایی دەربڕینەکانی دژ بە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەشدار بووە، لە ئەگەری دیپۆرت کرانیدا گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.












