ئامینە مەولوودی، هاوسەری مامۆستا محەممەد ماملێ، لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، ئامینە مەولوودی، هاوسەری مامۆستا محەممەد ماملێ، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
ئامینە خانم کچی خوالێخۆشبوو” محەممەد مەولوودی” یەکێک لە تێکۆشەرانی سەردەمی کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان بووە، ئامینە خانم ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی، وەکوو ژنێکی تێکۆشەر وئەندامی ڕێکخراوی ژنان بەشداری لە فێستیواڵی لاوان لە تاران دەکا و دوایی هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستا محەممەدی ماملێ، وەکوو ژنێکی بەرچاو ودیار بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەور ونەخشی بەرچاوی هەبووە و تاکاتی ماڵاوایی کردنی لە ژیان بەردەوام دڵەگەورەکەی بۆ ئازادیی کوردستان لێیدەدا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی خاتوو “ئامینە مەولوودی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکار و سەرجەم خەڵکی مەهاباد دەکەین وخۆمان بەشەریکی خەمیان دەزانین.