کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام و بەوپەڕی پێشێلکارییەوە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەبەزێنیت و مۆڵگەی هێزە چەکدارەکانی لێ دادەمەزرێنێ.
سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە دروستکردنی مۆڵگەو بەزاندنی سنوور لە هێندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان ترس و دڵەڕاوکیی خستۆتە نێو دڵی خەڵكی ئەو ناوچانە و خەڵکی ئەو ناوچەیە ناتوانن وەکوو پێویست ژیانێکی ئاسوودەیان هەبێ و بەردەوام مەترسییان لەسەرە.
شایەتحاڵانی ئەو ناوچەیە دەڵێن؛ هێزەکانی سپای پاسداران بە درێژایی زیاتر لە ١٠ کیلۆمیتر هاتوونەتە نێو خاكی هەرێمەوە و بە تەواوی ژیانیان لێ تاڵ کردووین و ناتوانین بە ئاسانی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بکەین، ژیانی ئێمەش لەم سنوورانە تەنیا لەسەر کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە، هەروەها باسیان لەوەش کرد کە ئەو هێزانەی سپای پاسداران نەک هەر سنووریان بەزاندووە بەڵکوو بەردەوام هەڕەشەشمان لێ دەکەن کە لێیان نزیک نەبینەوە.
شایانی باسە کە، کۆماری ئیسلامی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتیی ناپارێزێ و بەردەوام بە درێژایی ئەو سنوورە دەستدرێژی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هێزە چەکدارەکانی بۆ کردەوەی تێرۆریستی لەو ناوچانە جێگیر دەکا، سپای پاسدارن بەدرێژایی مێژوو بەردەوام خەریکی پیشێلکاری و کردەوەی تێکدەرانە و داگیرکەریی بووە و هەموو پێشێلکارییەک بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەنجام دەدا.