فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی رێژیمی ئێران لە پارێزگای سنە هەڕەشەی کوشتن لە کۆڵبەرەکان دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، عەلیڕەزا مەرزبانی، فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی سەر سنوور لە پارێزگای سنە ڕایگەیاند کە ڕووبەڕووی هەموو ئەو کەسانە دەبینەوە کە بیانهەوێت بەشێوەیەکیی نایاسایی و قاچاخ کەلوپەل هاوردەی سنوورەکانی پارێزگای سنە بکەن.
ناوبراو لە وتووێژەکەیدا وتی: هەموو ئەو کەسانەی کە کۆڵبەری دەکەن بەشێوەی نایاسایی کەلوپەل هاوردەی نێوخۆ دەکەن و هێزەکانمان بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەستی بەسەر هەموو سەروەت و سامانی ئێران و کوردستاندا گرتووە و دزی و گەندەڵیی بەشیکی بەرچاو لە نەریت و سیاسەتی ڕۆژانەی بەرپرسەکانی ئەو ڕیژیمەیە، بەتەواوی خەڵکی کوردستانی لە باری سیاسی، فەرهەنگی،ژیمگەیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە گەمارۆداوە، ئەوانیش کە لە ناچاری و بیدەرەتانی ڕوولە کۆڵبەری دەکەن بە ئاژاوەگێڕ و قاچاخچیان ناودەبا و دەیانکوژێ.