لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و سێ کۆڵبەریش بە هۆی هەڵدێران لە شاخەوە بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “یووسف ماڵیان” لە کاتی کۆڵبەریی لە چیاکانی سنووری سەوڵاوا، بە هۆی هەڵدێران لە شاخەوە بە سەختی بریندار بوو.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی چاونیوز، ئەم کۆڵبەرە قاچی بە سەختی شکاوە و بۆ چارەسەری پزیشکی، گوازراوەتەوە بۆ بنکە تەندروستییەکانی مەریوان.
لە لایەکی دیکەوە سەرلەئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، کۆڵبەرێک لە سنووری نەوسوود بە ناوی “سەیوان شێرمحەممەدی” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار بووە.
هەروەها ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕێبەندان، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “مەولوود عەبدوڵاهی” خەڵکی مەهاباد و “جەبار ئەحمەدی” خەڵکی بانە، لە کاتی کۆڵبەریدا لە چیاکانی “بەرویشکانی” سەر بە شاری بانە، بە هۆی هەڵدێران لە بەرزایییەوە بریندار بوون.