دوای دەسبەسەرکردنی گرووپێکی ١٥ کەسیی لە پێوەندی لەگەڵ داڕشتنی پلان بەدژی دیپلۆماتکارانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ئیتیۆپی، ئیسرائیل و ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تاوانبار دەناسن.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە، دەزگاکانی زانیاریی ئیتیۆپی دەڵێن: ئەو گرووپە باڵوێزخانەی ئیماراتی خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە و دەیویست هێرشێکی چڕ بکاتە سەر باڵویزخانەی ئەو وڵاتە لە “ئادیس ئابابا”ی پێتەختی ئیتیۆپی کە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو گرووپێکی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
بەرپرسانی پلەبەرزی “ئیتیۆپی” دەڵێن: ئاشکرابوونی ئەم گرووپە کاتێک بوو کە، کەسی شازدەهەمی ئەو گرووپە کە وەکوو سەرکردە نێویان دەهێنا، لە وڵاتی سوئێد و بە هاوکاریی دەزگاکانی زانیاریی ئەفریقایی، ئورووپایی و ئاسیایی دەسبەسەر کرا و ئێستا بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلی دەڵێن؛ ئەم گرووپانە زنجیرە گرووپێکن کە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کار دەکەن.
جێی ئاماژەیە کە، ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا تاوانبارە بە کردەوەی تێرۆریستیی لە وڵاتانی دیکە، وەکوو تورکیە، فەرانسە، عەرەبستان، عێراق، ئیرلەند، بلژیک، ئاڵمان و وڵاتانی دیکە.