عەباس تەبریزیان دەڵێ: پەتای کۆرۆنا بابەتێکی دینییە و دەبێ ئاخوندەکان شیکاری بۆ بکەن و بڕیاری لەسەربدەن و کاری پزیشکەکان نییە.
عەباس تەبریزیان، یەکێک لە ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران، کە خۆی وەکوو کارناسی گیادەرمانی و درمانی ئیسلامی ناودێرکردووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێڵێگرام دەنووسێ: کۆرۆنا بواری دەرونی، کۆمەڵناسی، ئەمنییەتی، ئابووری، سیاسیی و کولتووری لە خۆ دەگرێ کە لە ئەسڵەکانی”دین”ه و کارناسی و لێکۆڵینەوە لەم پێوەندییەدا ئەرکی ئاخوندە دیندارەکانە و پزیشکەکان لەم بارەوە ناتوانن بڕیار بدەن.
ناوبراو لە دڕێژەدا دەڵێ: داوا لەهەموو ئاخوندە دیندارەکان دەکەم ڕێگا بۆ کەسانی دیکە خۆش مەکەن و پەتای کۆرۆنا لە چوارچێوەی کاری ئێوەدایە و نابێ دین بەرتەسک بکرێتەوە و ڕێگە بە پزیشکەکان بدرێ دەستێوەردان لە کاری دیندا بکەن.
جێگای ئاماژەیە لە کاتێکدا هەموو جیهان بە دەس پەتای کۆرۆناوە دەناڵێنن، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەرجارەو بەجۆرێک چەواشەی ڕاستییەکان دەکەن، جارێک دەڵێن پێکوتەی وڵاتی ئەمریکا پیلانێکە بۆ لە نێوبردنی خەڵکی ئێران کەچی بە بەڵگەوە دەسەلمێندرێ کە خامنەیی و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە پێکوتەی دژە کۆرۆنای ئەمریکا کەڵک وەردەگرن و ئێستاش ئاخوندێکی دیکە بانگەشەی ئەو دەکا کە چارەسەریی پەتای کۆرۆنا کاری ئاخوندەکانە و پێوەندی بە دینەوە هەیە و پزیشکەکان لەم بوارەدا ناتوانن هیچ کارێک بکەن.