ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئیزن بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە نادا سەردانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکەن.
کازم غەریبئابادی، باڵوێز و نوێنەری تایبەت و هەمیشەیی ڕێژیمی ئێران لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە, ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، بە ڕافائێل گروسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی وزەی نێونەتەوەیی ڕاگەیاندووە کە ئێران ئیزن نادات لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزەی ناوکیی سەردانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکەن و لە حەوتووی داهاتوودا ئەم بڕیاری ئێران جێبەجێ دەبێ و ئێزن بە هیچ لێکۆڵەرێک نادرێ بە مەبەستی لێکۆڵینەوە سەردانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، کازم غەریبئابادی، باڵویز و نوێنەری تایبەتی رێژیمی ئێران لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وتی: ئەم هەوڵەی ئێران لە پێوەندیی لە گەڵ گەڵاڵەی یاسایی مەجلیسی ئێران بۆ لابردنی گەمارۆکان و بەرگریی لە دەسکەوتەکانی خەڵکی ئێرانە و تاکوو هەموو گەمارۆکان لە سەر ئێران لانەچێ ئیزن بە هیچ لێکۆڵەرێکی ئاژانسی وزەی ناوکیی نادەین سەردانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکا.