کاک سەدیق بەیگی باوکی شەهیدی فەرماندە”ئێقباڵ بەیگی” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، کاک سەدیق بەیگی باوکی فەرماندەی شەهید” ئێقباڵ بەیگی” لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک سەدیق بەیگی کەسایەتییەکی خۆشناو و خۆشەویستی شاری سنە بوو کە بەهۆی خۆشەویستی بۆ گەڵ و نیشتمانەکەی کوڕێکی بەناوی شەهید “ئێقباڵ بەیگی” پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
شەهید ئێقباڵ بەیگی، لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا بۆ بەرگری لە خاکی پیرۆزی نیشتمان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەپۆشێ و چەکی شەرەف دەکاتە شانی. شەهید ئێقباڵ بەهۆی لێهاتووییەوە پلەکانی تەشکیلاتیی زۆر بەخێرایی دەبڕێ و دەبێتە خۆشەویستی هاوڕێیانی و حیزب و گەلەکەی و دەبێ بە ئەندامی کۆمیتە شارستانی سنە، بەداخەوە لە ساڵی ٧٤ی هەتاوی لە گوندی “بەڕووەر” دوای شەڕێکی قارەمانانە لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، شەهید دەبێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” سەدیق بەیگی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خەڵکی شاری سنە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.