دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ پاش تەوابوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “ئەحمەد خۆشمیرزادە”، تەمەن ٣٢ ساڵ و “محەممەدئەمین ڕەحمانی”، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی شاری شنۆ، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی و هەروەها بەندی کانوونی زیندانی ورمێ ڕاگوێزران.
ئەو دوو هاووڵاتییە ، پاش تەوابوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی قەرەنتینەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوون و دواتر ئەحمەد خۆشمیرزادە، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی و محەممەدئەمین ڕەحمانی بۆ بەندی کانوونی زیندانی ورمێ، ڕاگوێزراون.
جێی ئاماژەیە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە ٢٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە گرووپە مەزهەبییەکان و پڕۆپاگەندە دژی نیزام”، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.