لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکردنی ئەم دواییانەی چالاکانی مەدەنیی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە و نیگەرانیی بنەماڵەکانیان لەو بارەوە کۆمەڵێک ڕێکخراوە و چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک خوازیاری ئازاد کردنی ئەو بەندکراوانە بوون.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، کۆمەڵێک ڕێکخراوە و چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، سەبارەت بە دەسبەسەرکردن و ڕەشبگیریی ئەم دواییانەی خەڵکی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، هاوکات و بە شێوازی جۆراوجۆر هەڵوێستیان گرت و بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بە بەڵگە سەلمێندراوە کە ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی لە کۆمەڵگادا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە گەشە و برەودان بە دێموکراسی و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا و هەروەها چالاکیی ئەوان بە دوور لە توندوتیژییە و چالاکانی مەدەنی لە بەستێنیی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ژینگەییدا کار دەکەن و ڕۆڵێکی کاریگەریان لە بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگادا هەیە و ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین کە دەسبەسەکردنی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی لەو دوو مانگەدا بووتە هۆی لاوازبوونی چالاکیی ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی، و ئازادیی و کولتووری وێژمان و پێکەوەهەڵکردنمان سنووردار دەکا.
ئێمە وەک کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە و چالاکانی مەدەنیی مەریوان لەگەڵ ئەوەی کە ڕەخنەی توندمان لە دەسبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانەی کوردستان هەیە، داوا لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکومەت دەکەین ئەو دەسبەسەرکراوانە ئازاد بکەن و ئارامیی بۆ بنەماڵەکانیان و کۆمەڵگە بگەڕێننەوە.