ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی،لە وێبینارێکدا “خالید عەزیزی” سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی دەرەوەی وڵاتی حیزب کۆبووەوە
رۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، کۆمیتەی دەرەوەی وڵات، وێبنارێکی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ” خالید عەزیزی” پێکهێنا کە لەو وێبنارەدا بەرپرسان و ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەریی وڵاتانی ئوسترالیا، کانادا، ئەمریکا و ناوەندی ئورووپا و سکاندیناویا و ئەندامانی کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پێڕەوی ناوخۆ لە دەرەوەی وڵات بەشدار بوون.
لەو وێبینارەدا سکرتێری گشتیی حیزب بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر ئاوڕێکی لە بارودۆخی هەنووکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دایەوە و ئاماژەی بە کێشەی ناو باڵەکانی دەسەڵات لە نیزامی کۆماری ئیسلامی و قەیرانی ئابووری و کێشەی خەڵک و دەسەڵات و ئەرکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵێک بابەتی دیکە دا. هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و دەرئەنجام و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان بە تایبەت لە ئێراندا گوتی: “هەڵبژاردنی ئەمریکا و دەرئەنجامەکەی زۆر مانادارە و پەیامی زۆری تێدا هەیە. بەڵام چۆنیەتی تەعامولی لایەنەکان لەگەڵ ئەو پەیامانە زۆر گرینگە.”
شایانی باسە کە لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێز”عەزیزی” بەئاماژەکردن بە دڕیژەی رەشبگیرییەکان و دەسبەسەرکردنانەی ئەم دواییانەی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە وێڕای لێکدانەوە و هۆکارەکانی وتی: “کە ئەم رووداوانە بۆ ئێمە تازە نین و گیرانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بێ مەبەست نییە و کۆمەڵێک پەیامی لە پشتە” و تیشکی خستە سەر ئەو ئەگەر و پەیامانە کە کۆماری ئیسلامی بە دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییانە دەیهەوێ چ بۆ ناوخۆ و چ بۆ دنیای دەرەوە بیانخاتە ڕوو.












