هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتیانی مەدەنی لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە لانیکەم سێ کەسیان بریندار کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چەند ڕۆژ پێش ئێستا هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی شاری بانە بە مەبەستی پشکنینی ناوماڵ و دەسبەسەرداگرتنی کەلوپەلی کاسبکارانی کورد هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکانی “کەنە سوورە” و “بلەکێ” و لە پاش تێکهەڵچوون لەگەڵ خەڵکی ئەم دوو گوندە تەقەیان لە خەڵک کردووە و لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی بریندار بوون.
لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە گوندی بلەکێ سێ کەس بە ناوەکانی “محەممەد ڕەحمانی”، “محەممەد ساڵح ئیسماعیلزادە” و “زانکۆ ئیسماعیلزادە” بریندار بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەسێک کە شۆرەتی “ڕاستگۆ”یە و خوشکەزای فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی سنووری بانەیە دەسڕێژی لە خەڵک کردووە و لەو فیلمانەشدا کە لە ڕووداوەکە تۆمار کراون، بە ڕوونی ڕۆڵی ئەو لە ڕووداوەکەدا ئاشكرا بووە و هەر بەم هۆیەشەوە ناوبراو ڕۆژێک دواتر لە ڕێگای بڵندگۆی مزگەوتەوە داوای لێبوردنی لە خەڵکی گوندەکە کردووە.
خەڵکی گوندی “بلەکێ” سکاڵایان لە دژی چەکدارانی هێزی پاسەوانی سنوور تۆمار کردووە و چاوەڕێی وڵامی سکاڵاکەیانن.