فەرماندەیی هاوپەیمانی عەرەبی دەڵێ: میلیشیا تێرۆریستە حوسییەکانی یەمەن بڕیارەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەبەن.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، سەرتیپ ئەلمالکی لە وتووێژێکیدا لەگەڵ کاناڵی ئەلعەرەبییە باسی لەوە کرد کە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی میلیشیا تێرۆریستە حوسییەکانی یەمەن بە ئانقەست بووە و هەموو بڕیارەکانیان لەلایەن بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیەوە دەدرێ و ڕێژیم لەسەر هەڵسووکەوتی ئەو میلیشیایانە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ.
ناوەندی هاوپەیمانیی عەرەبی کە پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن دەکا ڕایگەیاند کە، بەرپەرچی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان داوەتەوە کە لەلایەن میلیشیا حووسییەکانەوە دەیانویست هێرش بکەنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە و ئەو هێرشە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پلانی بۆ دانراوە.
هاوپەیمانی عەرەبی هەروەها وتیشی: “تەواوی هەوڵە تێرۆریستییەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی خامنەیی پووچەڵ دەکەینەوە چوونکە هەمووی ئەو هەوڵانە لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرنامەیان بۆ دادەڕێژرێت و ئەو هێرشانە دژ بە خەڵکی مەدەنی بەکار دێنن و داوا لە هەموو هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا دەکەین کە ڕووبەڕووی هەموو دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە ببنەوە.”












