ئەمریکا بە ئاماژە بەوەیکە کاتی زۆری دەوێ بگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە هاوکارییە سەربازییەکانمان لە گەڵ وڵاتی عەرەبستان چڕتر و دڕێژتر دەکەینەوە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیا حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
جێرالدین گریفیس، وتەبێژی ناوچەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لە گەڵ کاناڵی ئەلعەرەبییە وتی: هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە گەڵ عەرەبستان چڕتر و دڕێژتر دەبێتەوە و لەگەڵ رێژیمی ئێران کاتی زۆرترمان دەوێ کە بگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی و لە ئێستادا لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا خەریکی داڕشتنی پلانێکی بەهێزین بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناوبراو لە پێوەندیی لەگەڵ یەمەندا بە کاناڵی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند کە ئەمریکا هەموو هەوڵی خۆی دەدا کە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە میلیشیا حوسییەکانی یەمەن ڕاوەستێنێ و ئیزن بە ئێران نادا کە لە ناوچەکەدا دەستێوەردان بکا.
وتەبێژی ناوچەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دڕێژەی وتووێژەکەیدا وتی: بە هەموو هێز و توانامانەوە هاوکاری وڵاتی عەرەبستان بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی دەکەین و ڕووبەڕووی میلیشیا حوسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئیران دەبینەوە.